“مەهەپە لەسەر قسەی خۆیەتی، ئێمە هێشتا ئەو شتانە پەیڕەو دەکەین کە لە کۆبوونەوەی گروپەکەماندا لە 22ی تشرینی یەکەمدا گوتمان”.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ڕایگەیاند: “چاوەڕێ دەکەین پەیوەندی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و فراکسیۆنی دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت و بە بڕیارەوە بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە”.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26/11/2024، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەش کرد. باخچەلی گوتی: “زەحمەتی زۆر کێشراوە و ئازاری زۆر بینراوە، چەک بژاردە نیە، سیاسەتی لەئامێزگرتن، ئامانجی ئێمەیە”.
باخچەلی سەرنجی بۆ مەترسییەکانی جەنگی جیهانی سێهەم ڕاکێشا و گوتی: “سیاسەتی ئێمە لایەنگری کردنە لە ئاشتی، تورکیا بە چەک و مووشەک و شەڕی نەوەی نوێ دەورە دراوە. بزانن کە چاوی هەمووان لەسەر ئێمەیە، کۆماری تورکیا بناغەی جیهانە”.
باخچەلی گوتی: “مەهەپە لەسەر قسەی خۆیەتی، ئێمە هێشتا ئەو شتانە پەیڕەو دەکەین کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەماندا لە 22ی تشرینی یەکەمدا گوتمان و بە ئیرادەوە بانگەوازەکەمان دووبارە دەکەینەوە. برا کوردەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆر و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە نییە و نابێ. پێویستە دەستی یەکبگرین و تیرۆر لە ڕۆژەڤی خۆمان لاببەین”.