سەرۆکی جەهەپە: مەسەلەی دانانی قەییۆم بۆ سزادانی خەڵکە

سەرۆکی جەهەپە: مەسەلەی دانانی قەییۆم بۆ سزادانی خەڵکە

“ئەوانەی کاتێک دەنگیان پێدەدرێت، ئیرادەی مللی دەکەنە تاج و لە سەر سەریانی دادەنێن، بەڵام کاتێک دەنگەکان بۆ کەسێکی تر بێت، حیسابیان لێوەردەگرن و سزای ئەو کەسانە دەدەن کە دەنگیان هێناوەتەوە”.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند، “پرسی سەرەکی دانانی قەییۆمەکان لە جێگای سەرۆک شارەوانیەکانی جەهەپە و دەم پارتی، سزادانی گەلە”.

ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئەمڕۆ لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەشداری لە کۆنگرەی گشتیی دەزگای چاندی ئانادۆڵی حاجی بەکتاش وەلی کرد و سەبارەت بە بابەتەکانی ڕۆژەڤ قسەی کرد.

ڕۆژی هەینی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا سەرۆکی شارەوانیی دێرسیمی “پارتی دەم” و سەرۆکی شارەوانی ناوچەی پلووری جەهەپەی لەکار لادا و قەییۆمی لە شوێنیان دەستنیشان کرد.

لەبری جەودەت کۆناک سەرۆکی شارەوانی دێرسیم، بولەنت تەکبیکۆغڵو وەکوو قەییۆم دانرا و هەروەها لەبری مستەفا سارگول سەرۆکی شارەوانی پلوور، حسێن شامیل وەکوو قەییۆم دەستنیشانکرا.

ئۆزگور ئۆزەل لە وتارەکەیدا ناڕەزایی خۆی لە هەمبەر سەپاندنی قەییۆم بەسەر شارەوانییەکاندا دەربڕی و گوتی: “ئەوانەی کە کاتێک دەنگیان پێدەدرێت، ئیرادەی مللی دەکەنە تاج و لە سەر سەریانی دادەنێن، بەڵام کاتێک دەنگەکان بە کەسێکی تر دەدرێت، حیسابیان لێوەردەگرن و سزای ئەو کەسانە دەدەن کە دەنگیان هێناوەتەوە. ئەگەر بۆیان دەرکەوت کەسێک ئۆپۆزسیۆنە، دەیخەنە زیندانەوە، بەڵام لە هەڵبژاردندا دەنگدان نهێنیە و نایبینن، هەربۆیە هەموویان پێکەوە سزا دەدەن”.

هەروەها ئۆزەل گوتی: “پرسی سەرەکی ئەوە نیە کە قەییۆم لە ئەسەنیورت یان ماردین لە جیاتی ئەحمەد تورک، دەستنیشان دەکرێت، پرسی سەرەکی دانانی قەییۆم بۆ شارەوانیەکانی جەهەپە و دەم پارتی، سزادانی گەلە”.

پوستێن ھەمان بەش