ئەردۆغان داوا لە حکومەتی سووریا دەکات لە دژی شەڕڤانانی کورد شەڕ بکات

ئەردۆغان داوا لە حکومەتی سووریا دەکات لە دژی شەڕڤانانی کورد شەڕ بکات

“تورکیا ناتوانێت هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت لە بەرامبەر ئەو رووداوانەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا روودەدەن”.

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پێویستە حکومەتی سووریاش هاوشێوەی حکومەتی وڵاتەکەی شەڕی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکات.

رەجەب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی گرووپی 20 لە بەرازیل لە فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.

ئەردۆغان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەری هەیە سوپای وڵاتەکەی هێرش بکات سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، گوتی، “بە هیچ شێوەیەک لێبووردەییمان بۆ ئەو پێکهاتانە نییە کە بەردەوام هەڕەشەی ئاسایشی نیشتمانی بۆ سەر وڵاتەکەمان لەودیوی سنوورەکانمانەوە دروست دەکەن. بە هەموو کەسمان راگەیاندووە کە ئێمە لەو بابەتەدا روون و خاوەن بڕیارین”.

 ئەردۆغان گوتی، “باکووری سووریا لەلایەن پەکەکە/پەیەدە/یەپەگەوە داگیرکراوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن. ئەو ناوچەیە نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ سووریاش لە رادەبەدەر گرنگە. پاککردنەوەی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە لەو ناوچەیە، بۆ ئیدارەی سووریاش لە رادەبەدەر گرنگە”.

 سەرۆککۆماری دەوڵەتی تورک گوتیشی، “شەڕی نێوخۆ لە سووریا، ناسەقامگیری گەورەی لە خاکی دراوسێماندا هێناوەتە ئاراوە. ناسەقامگیری، وەک چۆن زەلکاوێک مێشوولە بۆ خۆی رادەکێشێت، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێمەی راکێشا. وەک چۆن ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ وشککردنی ئەو زەلکاوە، پێویستە ئیدارەی سووریاش ئەو هەوڵە بدات”.

 ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی ناتوانێت هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت لە بەرامبەر ئەو رووداوانەی لەودیو سنوور لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا روودەدەن و رایگەیاند، “بەردەوام دەبین لە شەڕی خۆمان دژ بە ‘تیرۆر’. وەک تورکیا ئامادەین بۆ ئەو دۆخەی کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا دروستی دەکات.”

ئەردۆغان گوتیشی: “ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە لە پێش هەموو شتێکەوەیە و لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین بە ئەنجامدانی دانوستاندنی پێویست لەگەڵ رووسیا، ئەو کەشوهەوایەی لە سووریایە لە بەرژەوەندی ناوچەکەدا بگۆڕین”.

پوستێن ھەمان بەش