تورکیا: “لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 3 هەزار و 924 کەس بە تاوانی قاچاخیکردن بە کۆچبەران بەندکراون”.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتی هێزە ئەمنییەکانیاندا لە باکووری کورستان و تورکیا 1644 کۆچبەری نایاساییان دەستبەسەر کردووە.
رۆژی دووشەممە 18/11/2024، عەلی یەرلیککایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) رایگەیاند، بە مەبەستی “رێگریکردن لە قاچاخیکردن بە کۆچبەران،” هێزەکانی جەندرمە و پۆلیس چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر چەند شوێنێک لە سەرانسەری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتییەکانی داواکاری گشتی بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی کۆچی گشتیی تورکیا کراون.
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لێکۆڵینەوە لەگەڵ 442 هەزار و 778 کەس کراوە و لە ئەنجامدا 1644 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کراون و 51 کەسیش بە تۆمەتی “بازرگانیکردن بە کۆچبەران” دەستبەسەر کراون.
وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک دەڵێت، رێکارەکانی پەیوەست بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرەکانیان دەستپێکردووە.
هێزەکانی پۆلیس و جەندرمەی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستیان بەسەر 17 ئۆتۆمبێل، سێ بەلەم، هەشت چەکی بێ مۆڵەت و بڕێک مادەی هۆشبەردا گرت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەشت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 126 هەزار و 766 کۆچبەری نایاسایی لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و زۆربەشیان لەو کاتەدا بووە کە هەوڵیانداوە بچنە ئەورووپا.
هەر بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە 10 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا سێ هەزار و 924 کەس بە تاوانی “قاچاخیکردن بە کۆچبەران” بەندکراون.