“ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکە گەیشتۆتە 111 کەس”
ژمارەی کوژراوەکانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی میلیشیا ئێرانیەکان لە تەدموری سووریا، گەیشتە 68 کەس کە زیاتر لە 20 عێراقی لە نێو کوژراوەکاندان و زۆرینەیان لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی نوجەبا بوون.
ڕۆژی پێنجشەممە، 21/11/2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند “ژمارەی کوژراوەکانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر تەدمور گەیشتە 68 کەس”، ئاماژەی بەوەش کرد “ژمارەی کوژراو و بریندارەکان گەیشتووەتە 111 کەس.”
ڕوونیشی کردەوە “یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکە، کۆبوونەوەیەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بووە لەشاری تەدمور، کە سەرکردەکانی ‘نوجەبا و حزبوڵلای لوبنان’یان تێدا بووە.”
ڕوانگە دووپاتی کردەوە “ژمارەی کوژراوە سووریەکان 42 کەسن، کە پێنجیان ئەفسەرن و هاوکاری حزبوڵلان، هەروەها 22 کەسیان ڕەگەزنامەیان سووری نەبووە، زۆرینەیان لە بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی بوونە و 4 کەسیشیان لە حزبوڵلای لوبنانی بوون.”
هەروەها ئاشکرا بووە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دوو شوێن، یەکێکیان کۆگایەکی چەک بووە لە نزیک ناوچەی پیشەسازی، کە خێزانی چەکدارە عێراقیەکان و بیانییەکانی تێدا بووە.
لە سەرەتای ئەمساڵ (2024)ـەوە ئیسرائیل 152 جار خاکی سوریای کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە 273 ئامانج تێکشکێنراون و 364 چەکداری میلیشیاکان و ئەرتەشی سووریا کوژراون و 305 چەکداری دیکەش بریندار بوون.