پێویستە هەموو کورد پشتگیریی هەسەدە بکات، بەڵام ئایا هەسەدە پاڵپشتی کورد دەکات؟

پێویستە هەموو کورد پشتگیریی هەسەدە بکات، بەڵام ئایا هەسەدە پاڵپشتی کورد دەکات؟

لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، پەکەکە هەڵوێستی خۆی لە بەرژەوەندی عێراق پیشان دا.

ئەو پێڤاژۆیەی کە بە هێرشی چەکدارەکانی “تەحریر ئەل ـ شام” بۆ سەر حەلەب دەستی پێکرد، گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. تا ئێستا بۆ پرسیارەکانی وەک کێ چی دەکات، کێ پشتگیری کێ دەکات تەنها یەک وەڵام هەیە: هەموو شتێک زۆر ئاڵۆزە.

تەنها شتێک کە دەیزانین ئەوەیە کە هەندێک ڕێکەوتنی شاراوە هەن، دەرفەت و هەڕەشەکان تێکئاڵاون و بۆ ئێمەی کوردیش هەم دەرفەت و هەمیش هەڕەشە دروست دەبێت. هەروەک چۆن بزووتنەوەکانی باشووری کوردستان لە ساڵانی 1992 و 2003دا چارەنووسی چوار پارچەی کوردستانیان گۆڕی، دەکرێ ڕۆژئاڤاش هەمان کاریگەری دروست بکات.

بۆیە زۆر گرنگە کورد ڕۆژئاڤا لەدەست نەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دەبێ هەموومان پشتیوانی هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین. ئەمە کارێکی باشە، بەڵام کێشەیەک هەیە، ئایا هەسەدە پشتگیری لە کورد دەکات؟

هیچ بەشێکی کوردستان بە ئەندازەی ڕۆژئاڤا، پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەکانی کوردی وەرنەگرتووە

ئێمە پشتگیری لە هەموو هەنگاوێک دەکەین کە بۆ پاراستنی مانەوە و هەبوونی کورد لە ڕۆژئاڤا بنرێت. ئەمە ئەرک و پێویستیی کوردستانیبوونە، ئەمە پێویستیی کوردبوونە. هەروەک هەمووان بینیمان لە ساڵی 2011شدا نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان لە ڕۆژئاوای نیشتمان کرد.

هیچ بەشێکی کوردستان هێندەی ڕۆژئاڤا پشتیوانیی لە کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وەرنەگرتووە. نزیکەی 7000-8000 نیشتمانپەروەری کورد لە پارچەکانی دیکە لە ڕۆژئاوا گیانیان لەدەستدا. نەک تەنیا تاکەکان، بزووتنەوە سیاسییەکانیش ئەوەی لە توانایاندا بوو بۆ پاراستنی ڕۆژئاڤای نیشتمانیان کرد. هەموو لایەنەکان دەیانزانی سیستمی ڕۆژئاڤا کە ئەوکات پێی دەگوترا پەیەدە، لە ڕاستیدا خودی پەکەکەیە، بەڵام هەموو کێشە سیاسی-ڕێکخراوەییەکانیان وەلا نا و پێکەوە کار و خەباتیان کرد بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا بە زیندووی بمێنێتەوە.

بەڵام بەداخەوە پەکەکە ئەم هەوڵەی کوردی لە ناو برد، وەک ئەوەی کە هیچکات هاودەنگییەکی لەو شێوەیە نەبووبێت جووڵایەوە و کوردایەتی و کوردستانیبوونی ڕۆژئاڤای بچووک کردەوە. ڕۆژئاڤا بۆ ئەوەی سوود لە پۆپیولەربوونی ڕۆژئاڤا وەربگرێت و جێگەی خۆی بکاتەوە، ڕۆژئاوای کوردستانی کردە قوربانی.

سەرۆک بارزانی کۆمەلە هەنگاوێکی هەڵگرتەوە کە ژیانیان بە ڕۆژئاڤا بەخشی

لە ساڵی 2013دا کاتێک کە “بەرەی نوسڕە” لە سەرەتای پڕۆسەی ڕۆژئاڤادا هێرشی کردە سەر سەرێکانی، سەرۆک بارزانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بە چەک و هەموو تواناکانیەوە پشتیوانی ڕۆژئاڤای کرد. بەڕێوەبەریی ڕۆژئاڤا کە لە هیچ شوێنێک قبووڵ نەکراوە، لەلایەن بزاڤی بارزانی لە هەولێر پێشوازیی لێکرا و شەرعیەتێکی نێودەوڵەتیی بۆ دروستکرا و دەرفەتی کار و چالاکی و گەشتی دیپلۆماتیکی بۆ ڕەخسێندرا. دەرگاکە بەڕووی سەدان هەزار کوردی ڕۆئاڤادا کرایەوە و سەرۆک پێێ گوتن باشوور ماڵی خۆتانە و ئێوە ئاوارە نین. ئەگەر ئەمڕۆکە باس لە دەسەڵاتێک دەکەین بە ناوی ڕۆژئاڤا، لەبەر ئەوەیە کە بزووتنەوەکەی بارزانی نەیهێشت ڕۆژئاڤا وردوخاش بکرێت، دەتوانین باسی ئەم ڕاستییە بکەین.

دواتر بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی و بە پێشەنگایەتی ڕێککەوتنەکانی دهۆک و هەولێر هەوڵ درا کە کورد لە ڕۆژئاڤا یەکبخرێن.

لە “کۆبانێ” بزووتنەوەی بارزانی هەموو هێزی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی خۆی خستەگەڕ و کارێکی بێهاوتای کرد کە هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە پێڤاژۆکەدا جێدەگرێت. وەک ئەوەی کە ئەمانەش بەس نەبێت، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی ڕەوانەی کۆبانێ کرد. نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، دەرگاکانیان بۆ وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکانی شەڕی ڕۆژئاوا کردەوە.

پەکەکە بە دوژمنایەتییەوە وەڵامی ئەو هاوکارییانەی دایەوە

پەکەکە لەو ماوەیەدا هەموو هاوکارییەکانی شاردەوە و جگە لەمەش شەڕی دژی بزووتنەوەی بارزانی ڕاگەیاند. لە پێناو کۆتایی هێنان بە هەبوونی بزووتنەوەی بارزانی لە ڕۆژئاڤا، هەموو چالاکان و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پەکەکە، لە ڕۆژئاڤا دەرکران. لەبری ئەوەی لەگەڵ کورد یەکبگرن، یەکیەتیی لەگەڵ عەرەب و چەپگەرای تورک و شیعەکان دروست کرد.

لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، پەکەکە هەڵوێستی خۆی لە بەرژەوەندی عێراق پیشان دا. کاتێک کەرکوک داگیرکرا، گوتی: “بزووتنەوەی بارزانی شکستی هێنا، ئێمە سەرکەوتین”. کاتێک میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە میحوەری مەخموور هێرشی دەکردە سەر پێشمەرگە، بە سەدان گەریلای پەکەکە لە دوورەوە تەماشایان دەکرد و پشتیوانییان لە حەشدی شەعبی دەکرد.

سەرەڕای ئەمەش خودی سەرۆک بارزانی لە کاتی داگیرکردنی عەفریندا داوای لە ئەمریکا کرد ئەم داگیرکارییە ڕابگرێت، ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت و یەکەم کەس بوو کە هێرشی سەر عەفرینی بە هێرش بۆ سەر کوردستان ناوبرد. بەڵام کاتێک ژوورە بچووکەکەی “ژینا دزەیی” کۆرپە لە هەولێر بە مووشەکی ئێران وێران کرا و ژینا شەهید بوو، میدیاکانی پەکەکە دەیانگوت “ئۆفیسی ئیسرائیل لە هەولێر کرایە ئامانج”. سەرکردەکانی پەکەکە بۆخۆیان هاتنە مەیدان و گوتیان: “دەبێ شنگال ببێتە بەشێک لە عێراق”.

لە بەرامبەر ئەو هاوکارییانەی کە بزووتنەوەی بارزانی پێشکەشی ڕۆژئاڤای کرد، پەکەکە هەوڵیدا لە ناوەوە باشوور تێکبدات و ناکۆکیەکان قووڵتر بکاتەوە، دەیهەویست سلێمانی لە کوردستان جیا بکاتەوە بۆ کۆتایی هێنان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانەتیی لەگەڵ عێراق – حەشدی شەعبی و ئێراندا دەکرد.

بزووتنەوەی بارزانی دژی هەموو هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا وەستاوەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە پەکەکە لەگەڵ هەموو دوژمنان و هێرشبەرەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەجووڵایەوە.

ناکرێ هەڵوێستی مەزڵوم عەبدی لەبیر بکەین

لە سەردەمی داگیرکردنی “گرێ سپی و سەرێ کانی”دا، بزووتنەوەی بارزانی، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی، هەموو ئیمکاناتی خۆی بۆ ڕۆژئاڤا تەرخان کرد. مەزڵوم عەبدی بۆخۆی بە فەرمی سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد. بەڵام دواتر چی کرد و چی گوت؟ گوتی ئەگەر شەڕێک ڕووبدات، “ئێمە شانبەشانی پەکەکە دژی پێشمەرگە شەڕ دەکەین”.

دوای ئەوە؛ لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان کە لە 20ی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەچوو، گوتی، من پشتگیری یەنەکە دەکەم. داوا لە دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاڤا دەکرا کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی باشووری کوردستاندا نەکەن، بەڵام ئەوان زۆر بێ منەتانە دەستیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی باشوور وەردا و دەیانهویست پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) سەرنەکەوێت.

ناوەکانی ڕۆژئاڤا و کۆبانێ لابران

پەکەکە لەبری ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژئاڤا پێکبهێنیت، عەرەب و شیعەی هەڵبژارد. پەیەدە کوردانی غەیرە پەیەدەییان دەرپەڕاند و زۆرینەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستانیان کردە عەرەب. پارتە چەپەکانی تورکیا وەک MLKP و هتد کە نیوەیان سیخوڕی دەوڵەتی تورکیان، لە ڕۆژئاڤا جێگیر کران، بەڵام ڕێگا نەدرا کە کوڕ و کچەکانی ئەو ناوچەیە، واتە پێشمەرگەکانی ڕۆژ، بڕۆنەوە ناو ڕۆژئاڤا و ڕێگە نەدرا کە هیچ لایەنێکی سیاسی لە ڕۆژئاڤا کار و چالاکی بکات.

ناوی “ڕۆژئاڤا”ش لابرا و ناوی “باکوور ـ ڕۆژهەڵاتی سوریا”ی لێنرا. سیستەمی کانتۆن دامەزرا، وەک کانتۆنەکانی “جەزیرە، دێرەزۆر، ڕەققا، تەبقا، فورات، منبج، عەفرین-شەهبا”، بەڵام ناوی کۆبانێ بەکارنەهێنرا. شارە کوردییەکان بێ ناو و ناسنامە مانەوە.

ئاڵای کوردستان لە شەقامەکانی شاری قامیشلۆدا سوتێنران و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وەک کوردستان24 قەدەغە کران.

لەم مژارەدا، هەرچەندە ئێمە لەهەمبەر هەر هێرشێکدا بۆ سەر ڕۆژئاڤا، کاردانەوەیەکی گەورەی هەستیارانەش پیشان بدەین، بەڵام بەداخەوە پرۆسەکە مێژوو و ڕابردوویەکی لەم شێوەیەی هەیە: لقوپۆپەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە، وەک هەسەدە، پەیەدە و هتد…، پشتگیری لە کورد ناکەن.

ڕۆژئاوای کوردستان بۆتە کارتێکی قازانجکردن کە پەکەکە لە ئەجێندا شاراوەکانیدا بەکاری دەهێنێت. ئێمە دەمانهەوێت پشتیوانی ڕۆژئاڤا بکەین، بەڵام سەرەتا دەمانەوێت بزانین بەناوی کوردانی ڕۆژئاڤاوە چی دەکرێت؟ پێویستە هەموو کورد پشتیوانی ڕۆژئاڤا بکەن، بەڵام پەکەکە پشتیوانی هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی لە هیچ پارچەیەکی کوردستان ناکات و بە پێی ئەجێندای کۆلۆنیالیستەکان دەجووڵێتەوە و دەڵێت من بە تاقی تەنیا خۆم، لە هەموو شوێنێک دەجووڵێمەوە.

بۆ نموونە دەمانەوێت بزانین:

ئایا ئیدارەی ڕۆژئاڤا هەڵوێستی کوردستانی پیشان دەدات؟ ئایا لەبری قسەی ئیدئۆلۆژیکی پووچ و بێ مانا و لە باتی بەرژەوەندییە حیزبیەکان، بەرژەوەندییەکانی کورد لەبەرچاو دەگیردرێن؟

بۆ نموونە ئەگەر سەفەربەری گشتی (مۆبیلیزاسیۆن) هەبێت و داوای پاڵپشتی هەموو کورد بکرێت، ئایا پێشمەرگە ڕۆژ قبووڵ دەکەن؟

ئایا ڕۆژئاڤایە دەبێت بە شوێنێک کە هەموو کورد تێیدا بژین، یان تەنها وەک ئۆردوگایەکی پەکەکە دەجووڵێتەوە و دەبێتە شوێنێک کە تەنها ئەو کەسانەی تێیدا بژین کە “بژی سرۆک ئاپۆ” دەڵێنەوە؟

بەڵێ پێویستە هەموو کورد پشتیوانی ڕۆژئاڤا بکەن، بەڵام دەبێ لەپێشدا ئیدارەی ڕۆژئاڤا ناسنامەی کوردایەتی بخاتە پێش و پشتگیری کوردان بکات. دەبێ ڕاشکاوانە ڕایبگەیەنێت کە من هاوکاری هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان بە گرنگ دەزانم و کات، کاتی یەکڕیزی ناوماڵی کوردە.

پوستێن ھەمان بەش