لە 30 پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیادا، 147 کەس بە بیانووی “ئەندامەتی پەکەکە” دەستبەسەر کراون

لە 30 پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیادا، 147 کەس بە بیانووی"ئەندامەتی پەکەکە" دەستبەسەر کراون

تورکیا: “ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، لە سۆشیال میدیا پڕوپاگەندەیان بۆ ڕێکخراوە ‘تیرۆریستی’یەکان کردووە”.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، بەیاننامەیەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە دژی ئەندامانی پەکەکە، یەپەگە، کەجەکە و پەیەدە لە 30 پارێزگا ئەنجامداوە و نزیکەی 147 تۆمەتباریان دەستبەسەر کردووە”.

ئاشکراشی کردووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە سەمسوور، ئاگری، ئانتالیا، ئەردەخان، ئایدن، ئێلهـ، چەولیگ، بۆلو، ئامەد، ئەدێرنە، ئەلئەزیزی، ئەرزڕووم، جۆلەمێرگ، هاتای، دیلۆک، گرەسون، ئیدر، ئەستەنبوڵ، مانیسا، مێردین، مێرسین، موگلا، کۆجاعەلی ، سێواس، سێرت، ڕووها، شێرناخ و وان ئەنجامدراوە.

یەرلیکایا گوتووشیەتی: “ئۆپەراسیۆنەکە 10 ڕۆژی خایاندووە و جەختیشی لەوە کردەوە کە شەڕی ئەوان دژی ‘تیرۆر’ ناوەستێت و هەرکەسێک پشتیوانی ڕێکخراوە ‘تیرۆریستی’یەکان بکات سزا دەدرێت”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون، لە سۆشیال میدیا پڕوپاگەندەیان بۆ ڕێکخراوە ‘تیرۆریستی’یەکان بڵاوکردۆتەوە و لێکۆڵینەوە لە دژی ئەوان دەستیپێکردووە.

پوستێن ھەمان بەش