پەکەکە لەکاتێکدا کە ئاڵای سەرجەم دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانی قبووڵ کردووە، دان بە ئاڵای کوردستاندا نانێت.
ئاڵای کوردستان 79 ساڵ بەر لە ئێستاو لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پایتەختی کۆماری کوردستان وەکوو یەکەم حکوومەتی مۆدیڕنی کوردیدا هەڵکرا. ئاڵایەک کە لەلایەن حکوومەتی کۆماری کوردستانەوە ە پەسند گەیشت و لەسەر دەرگای سەرجەم دامەزراوەکانی کۆماردا هەڵکراو، هەتا کۆمار مابوو بە شنەبای ڕزگاریی نەتەوەیی، ئازادانە شەکایەوە. لەسەروبەندی ڕووخانی کۆماریشدا لەلایەن پێشەوای مەزن و هەمیشە زیندووی کوردان و سەرۆک کۆماری کوردستانەوە وەکوو ئەمانەتێک ڕادەستی ژنرال بارزانی نەمر کرا.
پاش راپەڕینە مەزنەکەی باشووری کوردستان و رزگاریی ئەو ەشەی نیشتمان، لەسەر پەسندی پەرلەمانی کوردستان، ئاڵاکەمان جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخسایەوە تا لە بەشێک لە خاکی نیشتمانەکەیدا ئازادانە بشەکێتەوە.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ڕۆژی 17ی دیسامبەر ناوی ڕۆژی ئاڵای لەسەر دانراوەو هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا، کوردەکان بۆ ڕێزگرتن لە ئاڵای نیشتمانەکەیان و بۆ ڕێز گرتن لەو جەنگاوەرە شۆڕشگێڕانەی کە بۆ رزگاریی نیشتمانەکەیان و ئازادانە شەکانەوەی ئاڵای نەتەوەکەیان گیانیان بەخت کردووەو شەهید بوون، ڕیوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن و ئاهەنگ دەگێڕن.
ئەم بۆنەیە لە باشوور بەشێوەی ئازادانەو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانێش کە هێشتا لەژێر داگیرکاریدایە بە نهێنی بەڕێوە دەچێت. بەڵام بەداخەوە لە رۆژئاواو باکووری نیشتمان بەهۆی گۆڕینی ئاڵاو مێژووە خوێناویەکەیەوە، هاونیشتمانانی کوردمان لەو بەشانە لەم یادکردنەوەیە بێبەری کراون. دیارە لە ڕۆژئاوا بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانەکەی ئاڵا یاساییەکەی کۆماری کوردستان هەڵدەدەن بەڵام مخابن زۆر جار لەلایەن دەسەڵاتە کوردیەکەی ئەو بەشەوە رێگایان پێ نادرێت و تەنانەت تووشی سووکایەتییش دەبن.
هیچ نەتەوەیەک بە بێ گڕانەوە بۆ پاشخانە مێژوویەکانی لە خەبات و ئەندێشەی ڕزگاریخوازانەیدا، بە سەربەستی نەگەیشتووە
ئاڵای کوردستان جگە لەوەی کە یادگاریی کۆماری کوردستان وەکوو یەکەمین کیانی سیاسیی مۆدێڕنی کوردییە، هۆکارێکی گرنگیشە بۆ ئەوەی مێژوو و ڕابردووی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بە سەردەمی ئێستاوە گری دات. ئەم لێکگرێدانە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە لە سەرکەوتنی خەباتی رزگاریخوازانەداو هیچ نەتەوەیەک بە بێ گێڕانەوە بۆ پاشخانە مێژوویەکانی لە خەبات و ئەندێشەی ڕزگاریخوازانەیدا، بە سەربەستی نەگەیشتووە.
ئاڵای کوردستان لە دەستەبەر کردنی فاکتەرێکی هەرە گرنگی دیکەش لە خەباتی رزگاریخوازانەدا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئەویش یەکیەتیی نەتەوەییە. هیچ نەتەوەیەک بە بێ کۆکردنەوەو کانالیزە کردنی زۆربەی زۆری پوتانسیێل و هێزە شاراوەکانی گەلەکەی لە راستای رزگاریدا، نەیتوانیوە لە ژێردەستەیی رزگاری بێت. ئاڵا یەکێک لەو هێمایانەیە کە دەکرێ سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی پێکەوەو بە هەڤڕا کوردستان بەرەو رزگاری یەکجاریی ببەین.
پەکەکە ئاڵای داگیرکەرانی کوردستانی قبووڵە بەڵام دان بە ئاڵای کوردستاندا نانێت
پرسیارێک لێرە دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە کە چۆن دەکرێت لایەنێک کە خۆی بە خەباتکاری رزگاریی کوردستان پێناسە دەکات ئامادە نابێت لەژێر ئاڵای یەکەم کۆماری کوردی و پەسند کراوی یەکەم ناوەندی یاسادانەری کوردی واتە پەرلەمانی کوردستاندا چالاکی بکات؟ نەک هەر ئەو ئاڵایە هەڵناگرێت بەڵکوو ئاڵایەکی دیکە دەست دەداتێ و بە هۆیەوە درز دەخاتە نێو پێکهاتەو پارچەکانی نەتەوەیەک کە بۆ رزگاری پێویستییەکی زۆری بە یەکڕیزی و یەکهەنگاوی هەیە.
پەکەکە لەکاتێکدا کە ئاڵای سەرجەم دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانی قبووڵ کردووە، بەڵام نەک تەنها ئامادە نیە کە ئاڵای پیرۆزی کوردستان قبووڵ بکات، بەڵکوو هەموو ساڵێک لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە ڕۆژئاوای نیشتمان، پەلاماری نیشتمانپەروەرانی کورد و بارەگای ئەو حیزبە سیاسیانە دەدات کە ئاڵای کوردستانیان هەڵکردووە و هەروەها پەلاماری ئەو کەسانەش دەدات کە ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدات.