پەکەکە تەنها بە قسە باسی یەکڕیزی دەکات و لە کرداردا یەکڕیزیی ناوێت، هەر شوێنێک پەکەکەی لێبێت، یەکڕیزی پێکنایەت.
یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی یەکڕیزی دوێنێ دووشەممە لە نێوان ENKS و HSD بەڕێوەچوو. هەرچەندە پەکەکە بەردەوام باس لە یەکڕیزی کورد دەکات، بەڵام با تاقە یەک وشەش باسی لەو هەنگاوە زۆر گرینگەی ڕۆژئاڤا نەکرد. کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی، هەرچەندە دەکرێت وەک هیوای یەکڕیزی ڕاستەقینە لە ڕۆژئاڤا هەژمار بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکەشی ئاشکرا کرد. پەکەکە حەز ناکات یەکیەتی و یەکڕیزی پێکبێت، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانی نەکەوێتە مەترسییەوە.
بە گەرەنتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوێنێ کۆبوونەیەکی زۆر گرنگ لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهات. کۆبوونەوەکە لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ENKS) و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بەڕێوەچوو. دەتوانین بڵێین ئەم کۆبوونەوەیە بەردی بناغەی بنیاتنانی یەکڕیزی کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
هەریەکە لە محەمەد ئیسماعیل، سلێمان ئۆسۆ، نیعمەت داوود و فەیسەڵ یووسف لەلایەن ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی، ڕێدوور خەلیل و هۆزان لە لایەن هەسەدەوە، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
ئەنەکەسە: لەسەر درێژەپیدان بە دیالۆگ ڕێککەوتین
ENKS دەیهەوێ HSD خۆی لە PKK دوور بخاتەوە
ئەنەکەسە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە گوتی: “کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوەچوو، لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان ڕێککەوتین و کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام دەدرێن”.
هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی دیکەیان دەبێت.
سەرچاوە تایبەتەکانی پێگەی “دارکا مازی” ئاشکرای کردووە کە ئەنەکەسە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەل مەزڵووم عەبدی، ئەم داواکارییانەی ئاراستە کردوون:
1ـ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە لەلایەن پەکەکەوە دەستبەسەر کراون.
2ـ هەر کەسێک کە خەڵکی ڕۆژئاڤا نەبێت، بۆی نیە لە نێویاندا کار بکات.
3ـ دوورکەوتنەوە لە پەکەکە.
لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا
هەسەدە: پێویستە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان بە زووترین کات چارەسەر بکرێن
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکی نووسراودا، بەریوەچوونی کۆبوونەوەکەی ڕایگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان بە خێرایی چارەسەر بکرێن و بەردەوامیی کۆبوونەوەکان بە گرنگ زانراوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و درێژەدان بە کۆبوونەوەکان پێکبهێنرێت.
لە میدیای کوردی و عەرەبی و بیانیدا، بە گەشبینییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ کۆبوونەوەکەی نێوان ENKS و HSD کرا، شرۆڤە و شیکردنەوە و هەواڵەکانی تایبەت بە یەکڕیزی کورد و گرنگییەکەی بۆ قۆناغی داهاتووی ئێمە لە سوریای نوێدا، بڵاو کرانەوە. هەموو میدیاکان باسیان کرد جگە لە میدیای پەکەکە نەبێت کە بە تاقە یەک وشەش باسی لە کۆبوونەوەکەی نێوان ENKS و HSD نەکرد و وەها خۆی لی گێل کرد، وەک ئەوەی کە قەد کۆنەبوونەوەیەکی وەها بەڕێوەنەچووبێت.
پەکەکە هەر لە دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ بە قسە باسی یەکڕیزی دەکات، بەڵام کاتێک بە کردەوە یەکڕیزی ڕوودەدات، دژی دەوەستێتەوە!
پەکەکە ئەگەرچی هەر لە دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ بە قسە بەردەوام باسی یەکڕیزی دەکات و تا ئەمڕۆش بەم دروشمە هەزاران گەنجی کوردی فریوداوە و بە کوشتنی داون، بەڵام بە کردەوە هەموو حزب و لایەنەکانی کورد ڕەتدەکاتەوە. بەکورتی، هەر شوێنێک پەکەکەی لێبێت، لەو شوینە یەکڕیزیی پێکنایەت. لە ڕۆژئاڤا و لە سەرەتای شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2012، بەر لە ڕێژیمەکەی ئەسەد پەکەکە بوو کە شەڕی کوردی کرد و نەیهێشت کورد لە دژی ئەسەد ڕاپەڕن.
لەو کاتەوە هەتا ڕووخانی ڕژێمی سوریا، واتە لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام پارتە کوردییەکان بە خیانەت تۆمەتبار دەکات و پەلاماری بارەگاکانیان دەدا و دەیانسووتێنی و کادیرەکانیان زیندانی دەکا و ئەشکەنجەیان دەدات. بۆ نموونە لە ناو شەقامەکاندا بە بەرد سەری کادیرەکانی ئەنەکەسیان شکاندووە.
پەکەکە پیلانێکی بۆ قۆناغی داهاتوو لە ڕۆژئاڤای کوردستان داناوە و هیچ یەکڕیزییەک لە پلانەکانیدا بوونی نییە. پەکەکە تەنها دەیهەوێت یەکڕیزییەکی کاتی دروست بکات و دواتر پڕۆژەکانی خۆی یەک بە یەک جێبەجێ بکات کە هەموویان خزمەت بە دەوڵەتانی داگیرکەر دەکەن.
لە دوێنێوە میدیاکانی پەکەکە هەواڵی کۆبوونەوەی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی و لێدوانی هەردوولایان لە دوای کۆبوونەوەکە بڵاونەکردۆتەوە و بە هیچ شێوەیەک باسی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە پەکەکە تەنها بە قسە باسی یەکڕیزی دەکات بەڵام لە واقعییەت و کرداردا یەکڕیزیی ناوێت و هەوڵەکانی خۆی لە دژی ئەم هەنگاوە درێژە پێدەدات.
سەرۆک بارزانی بەردی بناغەی یەکڕیزیی کوردی لە ڕۆژئاڤا دانابوو
سەرۆک مەسعوود بارزانی، ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھەر لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە لە سووریا، ھەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی کە کوردانی ڕۆژئاڤا بتوانن مافەکانیان دەستەبەر بکەن. پەیمانەکانی هەولێر و دهۆکیان پێکهێنا و ئەو دوو پەیمانەیان وەکوو سەیوانیک بۆ یەکڕیزیی کوردان دامەزراند. ئەوە یەکەم ھەنگاوەکان بوون بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژئاڤای کوردستان و بەشداریپێکردنی سەرجەم حزب و لەیەن سیاسییەکانی کوردستان لە نیو پرۆسەی سیاسیی ڕۆژئاڤادا. بەڵام پەکەکە ڕێگەی نەدا ئەو پەیمان و ڕێکەوتنانە جێبەجێ بکرێن و دژ بە هەوڵەکانی چەسباندنی یەکڕیزی و یەکیەتی وەستایەوە.
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بارزانی داوای لە ئەحمەد شەرع کرد کە دەبێ لە سووریای نوێدا مافی گەلانی سووریا و بەتایبەت مافەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکرێت.