“من بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەورەیی گەل، خزمەت بە خەڵکی هێژای قۆسەر دەکەم”.
زەینی ئیپەک، سەرۆکی شارەوانیی قۆسەر ڕایگەیاند دەستلەکارکێشانەوەکەی خۆی پێشکەش بە “دەم پارتی” (DEM) کردووە و لەمەودوا بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.
زەینی ئیپەک کە لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا وەکوو کاندیدی “دەم پارتی” بە سەرۆکی شارەوانیی قۆسەر هەڵبژێردرابوو، لە پەیوەندیی لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە “پارتی دەم”دا ڕایگەیاند:
نزیکەی 35 ساڵ بە دڵسۆزی و جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە خزمەتم بە پارتی یەکسانی گەلان و دیموکراسی و پرەنسیپەکانی کرد و وەکوو کاندید بۆ شارەوانیی قۆسەر دەستنیشان کرام.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە ئیرادەی گەلەکەمان هەڵبژێردرام و خزمەتکردنم دەستپێکرد. دوای ئەوە لەلایەن هەندێک کەسەوە کە لە ناو شارەوانیدا کارم لەگەڵیان دەکرد، هەڕەشەم لێکرا کە دەبێ هەندێک وێنەی تایبەت لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبکرێنەوە.
بەهۆی ئەم پیلانە و کۆمەڵێک پیلانی دیکە کە بە ئامانجی دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانیی لە دژی من و خەبات لە دژی ئەوان، واز لە ئەندامەتی پارتی دەم دەهێنم.
لەم خاڵەدا باوەڕم وایە گەورەترین ئیرادە، ئیرادەی گەلە. “من لەگەڵ ئەم ئیرادە بووم، بەردەوام دەبم لە بوونم و بە ڕێزەوە ڕایدەگەیەنم کە من بەشێوەیەکی سەربەخۆ بەو ئیرادە گەورەیە خزمەت بە خەڵکی هێژای قۆسەر دەکەم.”
پارتی دەم ڕایگەیاند، لە ڕێکەوتی 1ی تەباخی 2024ـەوە لێپرسینەوەی دیسیپلینیان لەسەر زەینی ئیپەک دەستپێکردووە.
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەی “پارتی دەم”دا هاتووە: “بەپێی ئەو گلەیی و بەڵگانەی کە سەبارەت بە “زەینی ئیپەک” هاوشارەوانی ئێمە لە قۆسەر بە حیزبەکەمان گەیشتووە، ئەوە دەردەخەن کە دژی بەرنامە و پرەنسیپ و بەها ئەخلاقییەکانی حزبەکەمان دەجووڵێتەوە. هەر بەو هۆیەشەوە ڕێکاری دیسپلینی لە دژی دەستیپێکرد. دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی دیسپلینیش کە بەم نزیکانە تەواو دەبێت، بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە”.