بەرەی کوردستانی سووریا داوا لە هەسەدە دەکات کە زیندانیە سیاسییەکان ئازاد بکات

بەرەی کوردستانی سووریا داوا لە هەسەدە دەکات کە زیندانیە سیاسییەکان ئازاد بکات

“دەبێت هەرچی زووە سەرجەم شەڕکەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سووریا دەربکرێن”.

بەرەی کوردستانی سووریا پەیامێکی حەوت خاڵی ئاراستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە و ڕایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پێکهێنانی شاندی هاوبەشیان بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق، هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو ڕێگری لە هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ، زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد و بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسیی لە سووریای نوێ.

لە پەیامەکەدا هاتووە، لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەی کە کوردستانی سووریای پێدا تێدەپەڕێت، دەبێت درک بەو مەترسییە ڕاستەقینە بکرێت، کە هەڕەشە لە داهاتوو و بوونی گەلەکەمان دەکات، بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هەنگاونان بەرەو بنیاتنانی سیستمێکی سیاسی نوێ، هەربۆیە بەرەی کوردستانی سووریا ئەم پەیامەی ئاراستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە، داوایان لێدەکات، هەنگاوی کردەیی و جددی بنێن لە هەمبەر پرسە هەستیار و چارەنووسسازکاندا بگرێتەبەر کە بریتین لە:

یەکەم: دەبێت هەرچی زووە دەست بە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی زیندانییە سیاسییەکان کورد و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی دەستگیرکراوەکان و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنەکان بکات، کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە لە زیندانی ئاخنیون، بۆ ئەمەش دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردنیان لێ بکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەویان بکاتەوە لە پای ئەوەی چەندین ساڵە ئەشکەنجەی داون و لە ژیانێکی ئاسایی بێبەشی کردوون.

دووەم: کۆتایی به ڕفاندنی مێردمنداڵانی کوڕ و کچ بێنێت کە لە پێناو زیادکردنی هێزە چەکدارەکانی له خوێندن بێبەشی کردوون و دەبێت سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە لای کەسوکارەکانیان.

سێیەم: دەبێت پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانی خوێندن و فێربوونی پەروەردەیی بکرێت، پرۆگرامێک ئامادە بکرێت کە لەگەڵ بنەما و مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە مافی منداڵان و دیموکراسی یەکانگیر بێت.

چوارەم: دەبێت هەرچی زووە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی گەنجانی شۆڕشگێڕ دەربکرێت، چونکە ڕۆڵێکی نەرێنیان هەیە و پێچەوانەی هەموو بەها کۆمەڵایەتییەکانە، هەروەها مێردمنداڵان دەڕفێنن و وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی دژ بە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەکار دەهێنرێن.

پێنجەم: دەبێت هەرچی زووە سەرجەم شەڕکەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سووریا دەربکرێن، چونکە تاوەکوو ئێستاش زیانیان بۆ داهاتووی کوردستانی سووریا هەیە، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە بیانوویەک بۆ دەستوەردانی دیکەی دەرەکی لە کوردستانی سووریا.

شەشەم: پابەندبوون بەفیدرالیزم وەک باشترین بژاردەی سیاسی بۆ داخوازییەکانی گەلی کورد لە بنیاتنانەوەی سوریای نوێ و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان لە چوارچێوەی قەوارەیەکی یەکگرتوو بۆ کوردستانی سووریا.

حەوتەم: گۆڕینی هێزەکانی هەسەدە بۆ هێزێكی نیشتمانی کوردی سووریا و یەکگرتنیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ لە چوارچێوەی پلانێکی داڕێژراو بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی یەکگرتووی کوردی سووریا و نیشتمانی، کە ئەرکیان پارێزگاری بێت لە کوردستانی سووریا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەرەی کوردستانی سووریا جێبەجێکردنی ئەم بنەمایانە بە گرنگترین هەنگاوی خێرا بۆ پاراستنی کوردستانی سووریا دەزانێت لەم قۆناغەدا کە ڕووبەڕووی مەترسی شەڕ و دەستوەردانی نوێی دەرەکی بووەتە، هەروەها لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و دوورخستنەوەی شەڕێکی نوێ.”

هەروەها جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانێت بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەشی سیاسی کە نوێنەرایەتی گەلی کورد بکات بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی  دیمەشق لە پرسە چارەنووسسازەکان و سیستەمی نوێی سیاسیی لە سووریا.

پوستێن ھەمان بەش