شاندێکی ئەنەکەسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە

شاندێکی ئەنەکەسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە

سەرۆک بارزانی و شاندی ئەنەکەسە، چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاڤا تاوتوێ دەکەن.

شاندێکی ئەنەکەسە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە ئاژانسەکانی هەواڵی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندووە، “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 20/1/2025، شاندێکی ئەنجوومەنەکە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە”.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، سەرۆک بارزانی و شاندی ئەنەکەسە؛ دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی ئەو وڵاتە و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا؛ تاوتوێ دەکەن.

ئەمە دووەم کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و شاندی ئەنەکەسە دەبێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا. ڕۆژی چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کردبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان ئاڵوگۆڕ کرا.

پوستێن ھەمان بەش