“هیوادارم ئەمە دەستپێكێک بێت بۆ راستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستییانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی عێراق بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە”.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21/1/2025، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی پەسندکردن.
سەرۆک بارزانی دوای ئەو بڕیارە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “ئەو بڕیارە لە شوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە رۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم”.
تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایانە بەهۆی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکانەوە بوو. سەرۆک بارزانی لەوبارەیەوە رایگەیاند، “هیوادارم ئەمە دەستپێكێک بێت بۆ راستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستییانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی عێراق بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە”.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
دوای ماوەیەکی زۆر لە رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، سەرئەنجام ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەنگاوێكی گرنگدا دەنگی بە “پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە” دا كە تایبەتە بە گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان. ئەو بڕیارە لەشوێن خۆیەتی و گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەنماف، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرجەم ئەو لایەنانە دەكەم كە رۆڵیان لە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە هەبووە و سوپاسیان دەكەم.
هیوادارم ئەمە دەستپێكێک بێت بۆ راستكردنەوەی هەموو ئەو هەڵە و ناڕاستییانە كە لەدژی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی عێراق بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دراوە.
مەسعوود بارزانی
21ی ژانیڤەری