ڕێباز هەبوونە، خۆناسینە و خاوەندارێتیکردنە لەخۆ!!!

ڕێباز هەبوونە، خۆناسینە و خاوەندارێتیکردنە لەخۆ!!!

“کوردینە بێ ڕێباز مەمێننەوە. ڕێبای خۆتان بناسن تا بتوانن خۆشتان باشتر بناسن”.

بووبێ ئەسەر

من پێشتر لەسەر ڕێباز، یان فەلسەفە نووسیومە و لەوێش باسم کردبوو کە ئیدی دەبێ فەلسەفەی خۆمان بە ڕێباز ناوببەین بۆ ئەوەی زیاتر و باشتر و جوانتر لێی تێبگەین. ئەمجارەشیان کەمێک زیاتر سەرنج دەخەمە سەر ڕێباز و ڕاوەستەی لەسەر دەکەم. لەبەر ئەوەی کە ڕێباز، چارەنووسی نەتەوەیەک و هەبوونی گەلێک و پێکهێنانی وڵاتێکی ئاوەدان دیاری دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە وەک کورد دەبێت لە سەر خاکی ئازادی خۆمان بە شێوەیەکی ئاسوودە و کراوە فێری ئەم ڕێبازەی خۆمان ببین و ئەو ڕێبازە فێری گەورە و بچووک و منداڵانی خۆمان و گەنج و بەساڵاچووەکانمانی بکەین.

ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە پێویستە ڕاوەستە لەسەر ڕێباز، یان فەلسەفە بکەین. چونکە هیچ میللەتێک ناتوانێت بە بێڕێباز وەک نەتەوەیەک بژی. ئەگەر ئێمەش نەتەوە بین دەبێ ڕێبازی خۆمانمان هەبێت کە هەمانە. ڕێبازی ئێمە، ڕێبازی بارزانیی نەمرە. بۆیە وەک نەتەوەیەک دەبێ بە باشی فێری ئەم ڕێبازە بین و بەتەواوی لێی تێبگەین. هەتا ڕێباز لەناو خەڵکدا زیندوو نەبێ. هەتا ئەو ڕێبازە لە قوتابخانەکاندا نەخوێندرێت، هەتا گەلی کورد ئەم ڕێبازە نەگرێتە بەر، مرۆڤ لە هێژایی و بەها و خۆشییەکانی بەنەتەوەبوون دوور دەمێنێتەوە.

ئەگەر تەماشای دونیا و ئەو گەلانە بکەین کە وەک دەوڵەت دەژین، دەبینین هەر نەتەوەیەک خاوەنی ناسنامە و ڕێبازی خۆیانن، بۆیە هەموو دەوڵەتەکان بەپێی ڕێبازی خۆیان بەڕێوەدەبرێن و هەر بەو پێیەش گۆڕانکاریی لەخۆیاندا پێکدەهێنن و خۆیان نۆژەن دەکەنەوە. هەر بە پێی ڕیبازەکەی خۆیان، هێزە سەربازییەکانی خۆیان ڕێکدەخەن، بەو پێیە زانکۆکانیان دەکەنەوە و کارە پەروەردەییەکانیان لە قوتابخانەکانیانیشدا هەر بە پێی ڕێبازی خۆیان ئەنجام دەدەن. چونکە ڕێباز ڕۆحییاتیکی نەتەوەیی بە تاکەکان دەبەخشێت. چونکە ڕێباز بەپێی تاکەکانی گەلەکی بەپێی هزری نەتەوەیی پەروەردە دەکات. بۆیە کاتێک مرۆڤ بەو مەرجانە پەروەردە کرا، بە ئاسانی و بێ ترس دەتوانێت لە بەرامبەر هەموو ئەو مەترسیانەی کە هەن، بەرگری لە وڵاتەکەی خۆی بکات. چونکە ڕێباز، لە ڕاستیدا دەستوورە، بەرنامەیە و یاسایە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە ئێمەی کورد دەبێ لە وڵاتی ئازادی خۆماندا، بەر لە هەر شتێک، ڕێبازی خۆمان پەرە پێبدەین. پێویستە کاری سەرکردەکانمان لە باشووری کوردستان، ئەوە بێت کە لە ڕێگای ئەو ڕێبازەوە گەلەکەیان گەورە و بەهێز بکەن و تاکەکانی کۆمەڵگەکەیان بەو پێیە پەروەردە بکەن. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ڕێباز، ڕێگای پاراستنی گەل، پەرەپێدانی دیموکراسی وڵات و ئاودانکردنەوەیەتی. میللەتێکی بێ ڕێباز، واتا نەزانی ڕێبازەکەی خۆی، وەکوو ئەو مارەیە کە بە دار لەسەری درابێت، هەمیشە سەری لێشێواوە و ناتوانێت بە ئاسانی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە. میللەتێکی بێ ڕێباز، وەک سەربازێکی بێ چەک وایە. میللەتێکی بێ ڕێباز وەک دارێکی بێ میوە وایە.

نەک تەنها بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان، مرۆڤ پێویستە ڕێبازی خۆی بپارێزێت. هۆکاری دیکەش زۆرن، بەڵام من تەنها باسم لە هۆکارە بنەڕەتیەەکان کرد بۆ ئەوەی سەرکردەکانمان لە باشووری کوردستان کە ئەمڕۆکە دەرفەت و ئیمکانی زۆریان لەبەردەمدایە، بتوانن ڕاوەستەی لەسەر بکەن و بە زووترین کات دەست بە بووژاندنەوەی ئەم ڕێبازە پیرۆزە بکەن کە ئێمەی لە دەستی ستەمکاران ڕزگار کردووە و کردوونی بە خاوەن وڵاتێکی ئازاد. با ئەم ڕێبازە وەک چۆن بارزانی نەمر لە ژیاندا جێبەجێی کرد، سەرلەنوێ بنووسرێتەوە. با ئەم ڕێبازە لە قوتابخانەکاندا بخوێنرێت. با ئەم ڕێبازە ببێتە خاڵی جەختکردنەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە. با ئەم ڕێبازە لە بەرنامەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)دا جێبخرێت و وەکوو وانە لە هەموو بەش و چالاکییە پەروەردەییەکانیاندا بخوێندرێت، خەڵکی لێ فێربکرێت و بەردەوام بە زیندووی ڕابگیردرێت. ئەم کارە بەر لە هەموو کەس دەبێ لەلایەن پەدەکە و باوەڕمەندانیەوە دەست پێ بکات. تا ئەو ڕیبازە لە نێو خەڵک و لە مێشکی مرۆڤەکان و لە ڕۆحی تاکەکاندا ڕەگ داکوتێت، هەمیشە مەترسی لەسەر وڵاتی ئازادمان دەبێت. سەرکردەکانمان و بەتایبەت پەدەکە دەبێ ئەمڕۆکە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ئەم ڕێبازە لە بەشەکانی دیکەشدا بناسرێت. هەروەها پێویستە بەپێی ئەو ئیمکانەی کە ئەمڕۆ لەبەردەستیاندا هەیە، واتە لەڕێگەی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆوە ئەم ڕێبازە بە باشی بناسێنرێت و بانگەشەی بۆ بکرێت. تەنانەت پێویستە هەفتەی جارێک لە تەلەفزیۆنی کوردیدا وەک وانەیەک بخوێنرێتەوە و بناسرێت. ئەگەر دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێت، من بۆخۆم دەتوانم بەرنامەیەکی لەو شێوەیە لە تەلەفزیۆن ئامادە بکەم.

بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێبازە و بڵاوکردنەوەی و زیندووڕاگرتنی، ئیدی ئێمەش وەک نەتەوەیەک بەبێ هیچ کەموکورتییەک دەژین. هیچ گەلێکی بێ ڕێباز بوونی نیە. مادام کە ئێمەش نەتەوەیەکین لە نەتەوەکانی ئەم دونیایە، دەبێت خاوەندارێتی لەم ڕیبازە پیرۆزە بکەین و بیپارێزین، دەبێ بزانین کە خاوەندارێتی کردن لە ڕێبازی پیرۆز، عەینی پاراستن و بەرگریکردنە لە نیشتمان و پەرەپێدانی دیموکراسییەتە…

بۆیە منیش بە پشتبەستن بە زانیاری و سەرچاوەکانم ئەم ڕێبازەم وەک بەرهەمێک بە ناوی “RÊBAZ”، پێشکەش بە گەلەکەم و لایەنگرانی ئەم ڕێبازە کردووە. ئەم بەرهەمە لە باکووری کوردستان بە زمانی کرمانجی و ئەلفوبێی لاتینی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. هەروەها ئەم کارە ناوێکی باشی بەجێهێشتووە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەشێک لە کەسایەتییەکانی کوردی باکوور و بەتایبەت گەنجان بەجێهێشتووە.

ئەم بەرهەمە جوانە سەرنجی گەنجانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەوانیش هەوڵی بەدەستهێنان و خوێندنەوەی دەدەن. من پێم وایە دوای خوێندنەوەی، شەفافییەت و زوڵاڵییەک لەناو کۆمەڵگەی کوردی و لە نێو پارتە سیاسییەکاندا پێکدێت.

بێگومان ڕەنگە لە هەندێک بواردا کەموکوڕیم هەبێت. بەڵام ئەمە سەرەتایەکە و مرۆڤ دەتوانێت ئەم سەرەتایە بکاتە بەرهەمێکی بەرفراوانتر و جوانتر. لە کۆبوونەوەی ناسینی ئەو بەرهەمەدا لە ستۆکهۆڵم، کۆمەڵێک ڕەخنە و سەرنجم پێگەیشت کە لە چاپی دووەمدا ڕاستیان دەکەمەوە. بۆیە دەڵێم: کوردینە بێ ڕێباز مەمێننەوە. ڕێبای خۆتان بناسن تا بتوانن خۆشتان باشتر بناسن.

پوستێن ھەمان بەش