HAK-PAR و PWK پێکەوە ڕۆژی جیهانی ژنانیان پیرۆز کرد

HAK-PAR و PWK پێکەوە ڕۆژی جیهانی ژنانیان پیرۆز کرد

ژنانی کورد کە ڕۆڵی پێشەنگیان لە مێژووی خەباتی کورددا بینیوە و ناوی خۆیان بە پیتی زێڕین لە مێژوودا نووسیوە.

کۆمیسیۆنی ژنانی HAK-PAR و کۆمیسیۆنی ژنانی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە هاوبەشی ڕۆژی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنانیان لە ئامەد بەرز ڕاگرت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە لقی ئامەدی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەیاننامەی هاوبەشی هەردوولا خوێندرایەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ڤەرا کۆیی لە کۆمیسیۆنی ژنانی هاک-پار بە زمانی کوردی بەیاننامە هاوبەشەکەی خوێندەوە و نەبەهات یڵماز لە کۆمیسیۆنی ژنانی PWK بە زمانی تورکی بەیاننامە هاوبەشەکەی خوێندەوە.

لە بەیاننامەی هاوبەشی کۆمیسیۆنی ژنانی HAK-PAR و کۆمیسیۆنی ژنانی PWKدا هاتووە:

“ئەمڕۆ 8ی ئازار، ڕۆژی جیهانی ژنانە. لەم دەرفەتەدا بە ڕێز و شانازییەوە سڵاو لە خەبات بۆ یەکسانی و ئازادی ژنانی چوارپارچەی کوردستان و ژنانی جیهان لە 8ی مارسدا دەکەین.

وەک دەزانن ژنانی کورد لە 20ی حوزەیرانی 1919 لە ئەستەنبوڵ لە ژێر ناوی “جەمعییەتی تەعالی ژنانی کورد” یەکەمین ڕێکخراوی خۆیان دەستپێکرد. ئەم ڕێکخراوە بە ناسنامەی نەتەوەیی ژنی کوردەوە سەریهەڵدا. ئەو ڕێگایەی کە “جەمعییەتی تەعالیی ژنانی کورد” بە ناسنامەی ژن و کوردەوە نەخشاندوویەتی، ڕۆشنمان دەکاتەوە، ڕێگاکەمان و خەباتی دادپەروەرانە و مافخوازانەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.

ژنانی کورد کە ڕۆڵی پێشەنگیان لە مێژووی خەباتی کورددا بینیوە و ناوی خۆیان بە پیتی زێڕین لە مێژوودا نووسیوە؛ ئەوان بە شانازییەوە ئاڵای خەبات و تێکۆشانیان بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی ئازاد و یەکسان و بێدەنگکردنی تەواوەتی چەکەکان و کردنەوەی مەیدانی سیاسەتی ڕەوا و مەشرووع هەڵگرتووە.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەڵێین بۆ داهاتوویەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر، سەرەتا دەبێت هەموو چەکەکان بێدەنگ بکرێن. هەموو ئەو مافانەی کە لە ناسنامە و نەتەوەی کوردەوە سەرهەڵدەدەن بە گەرەنتییەکی یاسایی دەستەبەر بکرێن، زمانی کوردیش وەک زمانی تورکی ببێتە زمانی فەرمی پەروەردە و هەموو ئاستەنگ و قەدەغەکراوەکان لە بوارەکانی ئیداری و یاساییدا لاببرێن. مافە ڕەوا و دەستەجەمعیەکان دەبێ بە گەرەنتی دەستوورییەوە ، دەستەبەر بکرێن.

ئێمە وەک ژنانی کورد پێویستە بە بەردەوامی هەوڵبدەین بۆ ئەرک و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مرۆیی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. ئێمە قسەکردن بە زمانی کوردی و هاندانی منداڵەکانمان بۆ قسەکردن بە زمانی دایکی وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەبینین. بانگهێشتی هەموو لایەک دەکەین کە بەشداری خەباتی هاوبەش بکەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی و لە پەروەردەدا قبووڵ بکرێت. بە ناسنامەی خۆمان وەک ژنی کورد، بە بەهاکانی خەباتمان بۆ یەکسانی و ناسیۆنالیزم و دیموکراسی و ئازادی، دەسەڵاتمان بەهێزتر بکەین!

بژی خەباتی ژنانمان بۆ ئازادی و یەکسانی!

کۆمیسیۆنی ژنانی هاک ـ پار

کۆمیسیۆنی ژنانی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان PWK

پوستێن ھەمان بەش