لە هێرشیکی درۆنی هەسەدە بۆ سەر دەوروبەری گوندی عەلوش، چەتەیەکی ئەرتەشی نیشتمانی کوژرا و چەندین چەتەی دیکەش بریندار بوون.
فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ناوچەی دەوروبەری بەنداوی تیشرینیان بۆردومان کرد و شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و چەتەکانی “ئەرتەشی نیشتمانی” لە تاقمەکانی سەر بە میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا لە دەشتاییەکانی کۆبانێ بەردەوامن.
ئەمڕۆ شەممە 8/3/2025، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرینیان لە سنووری شاری کۆبانێ بە چڕی بورومان کردووە. ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە فڕۆکەکانی دەولەتی تورک، پردی قەرەقۆزاخیشیان بە چڕی بوردومان کردووە.
هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) و چەتەکانی سەر بە تورکیا لە دەوروبەری بەنداوەکە ڕوویداوە، بەڵام هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لەبارەی زەرەر و زیانی شەڕەکە بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەو ئاڵۆزیە لە کاتێکدایە کە گرژیەکان لە باکوری سوریا زیادیان کردووە.
دوێنێ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەسەدە، چەکدراێکی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی “ئەرتەشی نیشتمانی” لە دەوروبەری گوندی عەلوش لەسەر هێڵی بەنداوی تشرین کوژرا و چەندی چەتەی دیکەش بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە تۆپخانەکانی دەوڵەتی تورک، هاوکات لەگەڵ گەیشتنی کاروانێکی خەڵک بۆ ناوچەکە بۆردومانەکانیان لە دەوری بەنداوەکە چڕتر کردەوە. هەروەها سوپای تورکیا ناوچەی دەوروبەری شارۆچکەی سارینی تۆپباران کرد.