ڕەسووڵ سوڵتانی: پەکەکە لە ڤانکۆڤەر نەورۆزی لە کوردان شێواند

ڕەسووڵ سوڵتانی: پەکەکە لە ڤانکۆڤەر نەورۆزی لە کوردان شێواند

سوڵتانی: “پەکەکەییەکان پەلاماری ئەوانەشیان دا کە رەخنەیان لەو کارەیان گرت”.

ڕەسووڵ سوڵتانی نووسەر و چالاکی سیاسی، لە وتارێکدا سەبارەت بە ئاهەنگی نەورۆزی کوردان لە ڤانکۆڤەر نووسیویەتی: “کاتێ گەیشتمە مەیدانی نەورۆز، خێوەتی ئاپۆچیانم دی پەنجا شەست جۆر ئاڵا و وێنەی کاک عەبدوڵا ئۆجەلانیان لەسەر بوو. لە کاتی ئاگرکردنەوەدا، ئەو دەستەیەی پێشتر ڕێک خرابوون، دەموچاویشیان پێچابوو بۆ ئەوەی نەناسرێن، وێکڕا هەموو ئەو ئاڵایانەیان هەڵگرت و بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ بژی” هاتن و دەوری ئاگرەکەیان گرت، ئیتر نەورۆزەکەیان کردە نەورۆزی پەکەکە.”

دەشڵێت: “یەک دوو کەس لە ڕەفتاری پەکەکە ناڕەزاییان دەربڕی، ئەوانە پەلامار دران و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان (هەڤاڵان) چەقۆشیان هەڵکێشاوە”

ڕەسووڵ سوڵتانی لەو وتارەدا کە لە هەژماری  فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: “بەپێی ئەزموونی نەورۆزی پێشوومان، دەمانزانی ئەمساڵ دیسان برادەرانی ئاپۆچی هەوڵ دەدەن نەورۆزەکە بکەنە نەورۆزی پەکەکە. لە حاڵێکدا ئەو کوردانەی ئێرەش وەکوو هەموو شوێنێک، سەر بە ئایدیا و حیزب و ڕێچکەی جۆراوجۆرن. هەر بۆیە لە شەش مانگ لەمەوپێشەوە بەردەوام لەگەڵ ڕێکخراوی ماڵی کورد دانیشتین و گوتمان: دەبێ نەورۆزی ئەمساڵ، نەورۆزی نەتەوەیی بێت و هیچ هێمایەکی حیزبیی تێدا نەبێت.”

ڕوونیشی کردووەتەوە:”ئەوان لەگەڵ ماڵی کوردان ڕێك کەوتوون، ئاڵای کوردستان و ئاڵای کانتۆنی ڕۆژئاواش پێکەوە دادەنێین و قبووڵ کراوە.  بەڵام من ئاگاداری هێندێ ڕێکخستن و جموجۆڵ بووم و دوو سێ جاری دیکەش دووبارەم کردەوە ڕەنگی هیچ حیزبێک بە نەورۆزەوە دیار نەبێ. گوتیان لەگەڵ بەرپرسانی هەموو حزبەكان قسە کراوە و قبووڵیان کردووە. گوتم ئەی ئاپۆچییەکان؟ گوتیان ئەوانیش.”

ڕەسوڵ سوڵتانی دەشڵێت:”ماڵی کورد داوای لە من کرد، پەیامی نەورۆز بنووسم، گوتم پەیامێک دەنووسم لەگەڵ باسی نەورۆز، تیشک بخاتە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕووداوەکانیشی. نووسیم. بەرپرسی ماڵی کورد پێی باش بوو من بێخوێنمەوە، گوتم زۆر باشە.”

هەروەها نووسیویەتی:”ڕۆژی پێش نەورۆز پێیان ڕاگەیاندم گوتیان داوا کراوە ئەندامی حیزبەکان پێشکەشکار نەبن.!”

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئەو نووسەر و چالاکە سیاسییە دەڵێت: “ڕۆژی جەژن کاتێ گەیشتمە مەیدانی نەورۆز، خێوەتی ئاپۆچیانم دی، پەنجا شەست جۆر ئاڵا و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لەسەر بوو. لە کاتی ئاگرکردنەوەدا، ئەو دەستەیەی پێشتر ڕێک خرابوون، دەموچاویشیان پێچابوو بۆ ئەوەی نەناسرێن، وێکڕا هەموو ئەو ئاڵایانەیان هەڵگرت و بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ بژی” هاتن و دەوری ئاگرەکەیان گرت. ئیتر نەورۆزەکەیان کردە نەورۆزی پەکەکە. یەک دوو کەس ناڕازی بوون، ئەوانە پەلامار دران و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان هەڤاڵان چەقۆشیان هەڵکێشاوە.”

دەشڵێت: “ئێستا پیاوماقووڵانی پەکەکەی ڤانکۆڤەر دەڵێن ئەوانە سەر بە ئێمە نەبوون. ڕەنگە وا بێت، بەڵام تا ئەو کاتەی ناسنامەیان ئاشکرا نەکەن و لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا لە پەکەکەیان بێبەری نەکەن، هەم لەسەر پەکەکە ماڵن، هەم دەبێ دڵنیا بین بە ئەمری سەرەوە ڕێک خراون.”

پوستێن ھەمان بەش