“ئاڵای کوردستان کە لەلایەن قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستانەوە، ڕادەستی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد، مستەفا بارزانی کراوە”.
مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئادار، ناڕەزایی خۆی لە دەربڕینی ڕق و قین و دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد دەربڕی و گوتی: “ڕۆژێک دادێت کە ئاڵای کوردستان لە ئاسمانی کوردستانی ئازاددا بشەکێتەوە. ماوەی سەدان ساڵە کە سەرەڕای شەهیدبوونی سەدان هەزار کورد و قوربانیدانی گەورە و خەباتی مەزن، ئاڵای کوردستان هەر شەکاوەیە و نەکەوتۆتە زەوی”.
ڕاگەیاندراوەکەی مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان بەمشێوەیە:
ئاڵای کوردستان کە لەلایەن قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستانەوە، ڕادەستی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد، مستەفا بارزانی کرا و ئەمڕۆ ئەو ئاڵایە لە سەر بینای پەرلەمانی هەرێمی فیدڕاڵی کوردستانی عێراقدا دەشەکێتەوە کە بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتی عێراق و کۆماری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دەولەتەکانی جیهانەوە بە فەرمی ناسێنراوە.
ئێمە وشەی “پەڕۆ” کە هەندێک کەس بۆ دەربڕینی ڕق و کینە و دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر بە کورد و ئاشکراکردنی دووری خۆیان لە بەها ئینسانییەکان بەکاریدەهێنن؛ بۆ ئەوان بەکارناهینین چوونکە ئەمەش دەبێتە ڕێزێک بۆ ئەوان.
هیچ هێزێک ناتوانێ ڕەوتی مێژوو ڕابگرێت: ئەم ئاڵایە هەرگیز لە دەستی ئێمە وەنەگیراوە، بەدڵنیاییەوە هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد دەبن و ئاڵای کوردستان بە شانازییەوە لە سەرانسەر ئاسمانی کوردستانی ئازاددا دەشەکێتەوە؛ ئێمە هیچ گومانێکمان لەم بابەتەدا نییە.
با ئەمە ببێتە دەدر لە دڵی ئەوانەی کە دڵیان پڕ بووە لە ڕق و کینە.
داوا لە داکۆکیکارانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی لە تورکیا دەکەین کە هەڵگری بەها مرۆییەکانن، هەڵوێستیان هەبێت و دەنگیان بەرز بکەنەوە بەرامبەر ئەوانەی بێڕێزی بە ئاڵا و بەهاکانی نەتەوەی کورد دەکەن.