هەپەگە: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن و ئێمەش وەڵامی هێرشەکانمان داوەتەوە

هەپەگە: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن و ئێمەش وەڵامی هێرشەکانمان داوەتەوە

دوای داواکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە لە پەکەکە، ئەو حیزبە تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو.

سەرەڕای لەئارادابوونی پرۆسەی ئاشتی و ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی ئەو حیزبە بەردەوامن و هەپەگەش ڕایدەگەیەنێت کە گەریلاکان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.

هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئاداری 2025 ڕایگەیاند، دەولەتی تورک لە 23ی ئازارەوە لە ناوچەکانی “خواکورک، ڕۆژئاوای زاپ، سەری مەتینا و چیای گارە”، دەیان جار هێرشی لە دژی گەریلاکانیان ئەنجامداوە.

دەستنیشانیشی کردووە کە هێرشەکە بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەلیکۆپتەر ئەنجامدراوە و ناوچەیەکی زۆر بۆردومان کراوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە، لە 23ی ئادارەوە تا ئێستا 819 جار چەکی قورس لە دژی ناوچەکانی گەریلا لە خواکورک، گارە و مەتینا بەکارهێنراوە و گەریلاکان وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە.

شایانی باسە لەگەڵ دەسپێکردنی “پرۆسەی ئاشتی” لە تورکیا و باکووری کوردستان و بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەڵوەشاندەوەی خۆی لە 27ی شوباتی 2025دا، پەکەکە تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو.

پوستێن ھەمان بەش