بنەماڵەی ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی دەکەن

بنەماڵەی ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی دەکەن

تونچ: “ئەو پرسە لە چوارچێوەی مافی زیندانییەکاندا هەڵدەسەنگێندرێت و داواکاری بۆ سەردانی خێزانی تاوتوێ دەکەین”.

وەزیری “داد”ی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند بنەماڵەی ئۆجەلان داواکارییان بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکەش کردووە و گوتیشی: “ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ داواکاریەکەیان دەکەین”.

یڵماز تونچ، وەزیری “داد”ی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/3/2025، پێش کۆبوونەوەی ئاک پارتی، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

تونچ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا شاندی “دەم پارتی” جاریکی دیکە لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە، گوتی:

“نە بۆ کۆبوونەوەی چوارەم، بەڵام بنەماڵەکەی ئۆجەلان داوایان کردووە کە سەردانی ئیمرالی بکەن و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت. ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم داواکارییە دەکەین. پێشترعومەر ئۆجەلان سەردانی ئیمرالیی کردبوو، هەر وەک دیداری بنەماڵە، ئۆجەلان پێشتر لەگەڵ براکەشیدا دیداری کردبوو”.

هەروەها گوتیشی: “ئەو پرسە لە چوارچێوەی مافی زیندانییەکاندا هەڵدەسەنگێندرێت و ئێمە داواکاری بۆ سەردانی بنەماڵەیی تاوتوێ دەکەین”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە کێ دەیهەوی سەردان بکات، تونچ گوتی کە بەپێی داواکارییەکە باسی ئەو پرسە دەکەن.

پوستێن ھەمان بەش