پەکەکە و لقوپۆپەکانی لە ڕێگەی هەڕەشە و زەبری هێزەوە هەوڵی بێدەنگکردنی کوردان دەدەن.
لە کاتی بەڕیوەچوونی ئاهەنگی نەورۆزدا لە شاری لۆزان لە سویسرا، 5 ئەندامی پەکەکە بەشێوەی فیزیکی پەلاماری “ئازاد پەنابەر”، شاعیر و چالاکوانی کوردیان داوە. ئازاد پەنەبار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا هەواڵی هێرشەکە و وێنەی هێرشبەرەکانیشی بڵاوکردەوە. دوای ئەمەش ئازاد پەنابەر پشتگیرییەکی زۆری لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیاوە وەرگرت.
شاعیر و چالاکوانی کوردی باکووری کوردستان، ئازاد پەنابەر، دوێنێ لە سۆشیال میدیادا ڕایگەیاند، لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە شاری لۆزان لەلایەن 5 کەسی ئاپۆچییەوە هێرشی کراوەتە سەر. ئازاد هەروەها وێنەی هێرشبەرەکان و گرتە ڤیدیۆییەکانی هێرشەکەی بڵاوکردۆتەوە. دەگوترێ هێرشبەرەکان ئەندامی ڕێکخستنەکانی پەکەکەن لە ئەوروپا و لە چالاکانی دامەزراوەی “جوانێن وڵاتپارێز”ی سەر بە پەکەکەن.
هێرشەکەی پەکەکە بۆ سەر ئەو شاعیرە کوردە، لە سۆشیال میدیا کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و زۆرێک لە کوردەکان هێرشی سەر ئازاد پەنابەریان بە “هێرشی تیرۆریستی” ناوبرد. نووسەران و ڕۆشنبیرانی دیاری کورد دەڵێن، ئازاد پەنابەر “ڕەخنەی لە پەکەکە نەگرتووە، تەنیا چەند پێشنیارێکی جیاوازی کردووە، بەڵام پەکەکە تەنانەت ئەمەش تەحەمول ناکات”.
ئازاد پەنابەر، خەڵکی پارێزگای “مووش”ی باکووری کوردستانە و بەهۆی زوڵم و ستەمەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە ناچار ڕووی لە ئەوروپا کردووە. پێشتر لە نزیک پەکەکە چالاکیی دەکرد، بەڵام ئێستا بەشیوەی سەربەخۆ چالاکی دەکات. ئازاد پەنابەر لە نەورۆزی ساڵی ڕابردووی سویسرادا گوتبووی: “با لە نەورۆزدا تەنها ئاڵا و هێماکانی کوردستان بەرز بکرێنەوە و ڕەنگەکانی پەکەکە و وێنەکانی ئۆجەلان پێویست نین”. لەو کاتەوە پەکەکە “ئازاد پەنابەر”ی کردۆتە ئامانج.
ئازاد پەنابەر کە لە سۆشیال میدیادا بە ئاشکرا ڕەخنە لە پەکەکە ناگرێت و تەنها لێکۆڵینەوە لەسەر مێژوو و ڕۆشنبیری کورد دەکات، لە ئێستادا لەلایەن پەکەکەوە دەکرێتە ئامانج. پەکەکە بەم هێرشە دەیهەوێت ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەری کورد چاوترسێن بکات.
دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتدا، گەلی کورد و ڕۆشنبیرانی کوردستان کاردانەوەیان پیشاندا و زۆر کەس بە ئاشکرا ڕەخنەیان لەو بانگەوازە گرت. لەم نەورۆزەشدا سەرەڕای ڕێگرییەکانی پەکەکە، کورد بەبێ پڕوپاگەندەی پەکەکە نەورۆزیان پیرۆز کرد. پەکەکە و لقوپۆپەکانی لە ترسی ئەوەی کە کورد خۆی لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ڕزگار بکات، لە ڕێگەی هەڕەشە و زەبری هێزەوە هەوڵی بێدەنگکردنی کوردان دەدەن.