فیدان: “پێشبینی دەکرێت پەکەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکە بداتەوە و چەک دابنێت”.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: “وەک چۆن داعش لە سیستم چووە دەرەوە، پەکەکەش لە سیستم دەچێتە دەرەوە، یان بە خواستی خۆی و بە ئاشتی لە سیستم دەچێتە دەرەوە یان بە رێگەی دیکە، بەڵام هەر دەچێتە دەرەوەی سیستم.”
هاکان فیدان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە دۆحەی پایتەختی ئەو وڵاتە ئەنجامدا.
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، “تورکیا هیچ هەوڵێک قبوڵ ناکات کە ئامانج لێی تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا یان سەروەری سوریا بێت و ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هەوڵێک بۆ ڕێگەدان بە گرووپەکانی دەرەوەی حکومەتی ناوەند لە سوریا بۆ هەڵگرتنی چەک بەهەمان شێوە قبوڵکراو نییە”.
فیدان گوتیشی: “چاوەڕێی ڕێککەوتنی نێوان یەپەگە و ئیدارەی سوریاین کە لە چەند مانگی ڕابردوودا واژۆ کرابوو، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەستیاریی ئێمە سەبارەت بەم بابەتە ڕوونە”.
فیدان هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، “پێشبینی دەکرێت پەکەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکە بداتەوە و چەک دابنێت و نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بارودۆخی ئاسایی ناوچەکە”.
فیدان دەشڵێت: “وەک چۆن داعش لە سیستم چووە دەرەوە، پەکەکەش لە سیستم دەچێتە دەرەوە، یان بە خواستی خۆی و بە ئاشتی لە سیستم دەچێتە دەرەوە یان بە رێگەی دیکە، بەڵام هەر دەچێتە دەرەوەی سیستم”.