سەرۆکایەتیی سووریا: هەر هەوڵێکی دابەشکردنی وڵاتەکە ڕەت دەکەینەوە
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی واقعی دابەشکردنی سووریا یان دامەزراندنی قەوارەی فیدراڵی لە وڵاتەکە ڕەت دەکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ هەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، قۆرخکردنی بڕیار لەلایەن هەسەدەوە ڕەت دەکەینەوە و پێویستە هەسەدە پابەندیی ڕێککەوتنی واژۆکراو بێت. هاوکات هۆشداریشی لە پەکخستنی کارەکانی حکوومەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە کوردییە دا.
لە ڕاگەیەنەدراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی واقعی دابەشکردنی سووریا، یان دامەزراندنی قەوارەیەکی فیدراڵی بەبێ کۆدەنگی نیشتمانی ڕەت دەکەینەوە.
سەرۆکایەتییەکە دەڵێت: مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سووریادا پارێزراون، جەختی لەوەش کردەوە، لێدوانەکانی سەرکردایەتیی هەسەدە کە داوای فیدراڵییەت دەکەن پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانە.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، باسی لەوەش کردووە، یەکگرتوویی گەل و خاکی سووریا، هێڵی سوورە و بە هەموو شێوەیەک دژی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی دەوەستینەوە.
ئەم ڕاگەیەندراوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە 26ـی نیسانی 2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس بەڕێوە چوو.
بە پێی ڕاگەیەندراوەی کۆنفرانسەکە، ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە، گرتنەبەری دیدگایەکی یەکگرتووی کورد بووە، بۆ چۆنییەتی بەشداربوون لە داڕشتنی داهاتووی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناغە گرنگە مێژووییەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
لە کۆنفرانسەکەدا بڕیار درا بە زووترین کات شاندێکی هاوبەش لە لایەنە سیاسییە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێک بهێنرێت تاوەکوو لەسەر بنەمای ئەو لێکگەیشتن و دیدگا هاوبەشەی لە کۆنفرانسەکە هاتووەتە ئاراوە، دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا، بکات.