گوتەبێژی ئاکپارتی: چاوەڕێ دەکەین لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

گوتەبێژی ئاکپارتی: چاوەڕێ دەکەین لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە

ئاکپارتی: “دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە، قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەکە دەستپێدەکەن”.

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی دەڵێ، پێشبینی دەکەن لە ماوەی چەند رۆژێکدا پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

 عومەر چەلیک ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 5ـی ئایاری 2025، دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی کە بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.

 چەلیک لەبارەی پرۆسەی نوێی چارەسەری لە تورکیا و پرسی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە گوتی: “پێشبینی دەکەین پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی و دانانی چەک لە ماوەی چەند رۆژێکدا ببێتە کۆنکرێتی”.

 گوتەبێژی ئاکپارتی ئاماژەی بەوەدا، دوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدادانانی پەکەکە، قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەکە دەستپێدەکەن.

 عومەر چەلیک ئاماژەی بە بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆی تورکیا کرد و رایگەیاند، زلهێزە ئیمپریالیستەکان دەستکاری دۆخەکە دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان لە ناوچەکەدا، بەڵام تورکیا هەوڵەکانیان پووچەڵ دەکاتەوە بە ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر”.

 چەلیک، هێمای بۆ ئەوە کرد، ئامانجی “تورکیایەکی بێ تیرۆر” سیاسەتی کۆماری تورکیایە.

پوستێن ھەمان بەش