“هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن”.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، لە پرسی مووچە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و داواش لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، پرسی مووچە نەکاتە قەزییەیەکی سیاسی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11/5/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دهۆکی بەسەر کردەوە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی پرۆژەکە و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
لەبارەی مووچەی مانگی نیسان (چوار)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە “هەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن. سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە.”
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە “لە پرسی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە بابەتی مووچە نەکەنە قەزییەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێنن. هیوادارین بە زووترین کات (خەرج بکرێت) و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین.”
زیاتر لە 45 ڕۆژە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە لیستی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی سێشەممەوە، 22-04-2025 لە لایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کراوە.
هەمان ڕۆژ، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ، کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.