“لە نیساندا 210 هێرش لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراون کە 91 هێرشیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون”.
سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا بەڕێژەی 78% هێرشە ئاسمانییەکانی بە فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەرێمی کوردستان زیادکردووە.
تیمەکانی “بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە” (CPT) ڕاپۆرتی مانگی نیسانی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوەکردووە کە: “بەراورد بە هێرشەکانی مانگی ئازاری ئەمساڵ (2025)، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی 78% زیادیان کردووە”.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی نیساندا بە گشتی 210 هێرش لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراون کە 91 هێرشیان لە سنووری پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوون.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، ڕۆژی یەکشەممە 4ی ئایاری 2025 ئاماری شەڕی مانگی نیسانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەم مانگەدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێ پچڕان بەردەوام بوون. هەپەگە ڕایگەیاند، لەم مانگەدا 90 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە و 4 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و سەربازێکی تورکیاش کوژراوە.