پەکەکە تەنانەت لە کاتی خۆهەڵوەشاندنەوەشیدا، ژەهری خۆی بە پەدەکەدا ڕشت

پەکەکە تەنانەت لە کاتی خۆهەڵوەشاندنەوەشیدا، ژەهری خۆی بە پەدەکەدا ڕشت

پەکەکە لە کۆنگرەی خۆهەڵوەشانەوەکەشیدا ویستی پەدەکە بکاتە ئامانج نەک دەوڵەتی تورک.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆیدا هێرشی کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و گوتی: “کۆنگرەکەمان لەژێر گەمارۆی پەدەکەدا بەڕێوەچوو”. پەکەکە، لە دوا هەناسەشیدا، ویستی پارتی دیموکراتی کوردستان ناشرین بکات و ڕووی تورکەکان سپی بکاتەوە.

ڕۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025، دەرئەنجامی کۆتایی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاو کرایەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی دەکرا.

ڕاگەیاندنی کۆنگرەی نائاسایی دوازدەهەمی پەکەکە زۆر پێکناکۆک بوو و بابەتی زۆری تێدا هەیە کە پێویستە گەلی کوردستان بە بەرفراوانی نیقاشی لەسەر بکەن. یەکێک لە شتە هەرە دیارەکان ئەوە بوو کە پەکەکە تەنانەت لە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەکەشیدا ناوی پەدەکەی هێنا و هێرشی کردە سەری و بە زمانێکی ناشیرین باسی کرد.

لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەی پەکەکەدا هاتووە: “کۆنگرەکەمان وێڕای شەڕە بەردەوامەکان، هێرشە بەردەوامە ئاسمانی و زەمینییەکان، گەمارۆکانی سەر گۆڕەپانەکانمان و گەمارۆکانی پەدەکە لە هەلومەرجی سەختدا درێژەیی هەبوو بە شێوەیەکی سەقامگیر ئەنجام درا”.

ئەو ڕۆژەی پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەڕێوە دەبرد، دەوڵەتی تورک هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی پەکەکە ئەنجام دەدا، بەڵام پەکەکە لەجیاتی ئەوەی لە ڕاگەیاندراوی کۆنگرەکەیدا دەوڵەتی تورک ئیدانە بکات، دیسان پەلاماری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ی داوە و زانیاری ناڕاست و چەواشەکارانەی بڵاوکردۆتەوە.

ئەمە نەک هەر بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ڕابردووی پەکەکە گرنگە، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی داهاتووی پەکەکەش گرینگییەکی زۆری هەیە. پەکەکە لە کۆنگرەی خۆهەڵوەشانەوەکەشیدا ویستی پەدەکە بکاتە ئامانج نەک دەوڵەتی تورک.

سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوەکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە کۆنگرەی پەکەکە بە ڕەزامەندی و زانیاری دەوڵەتی تورک بەستراوە و ئۆجەلان لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداری کۆنگرەکەی کردووە.

لە ڕاستیدا لە بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەی خۆهەڵوەشانەوەی پەکەکەدا بە تایبەتی جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئۆجەلان “سەرکردایەتی” ئامادەکارییەکانی کۆنگرەکەی دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان نەک هەر گەمارۆی نەخستۆتە سەر پەکەکە، بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە، پەکەکە بۆ هاتن و ڕۆیشتنی نێوەندکرانی پرۆسەی ئاشتی، یارمەتی و ئاسانکاریی زۆری لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وەرگرتووە.

پوستێن ھەمان بەش