وەزیری دەرەوەی سووریا: هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی یەکێتی ئەوروپا، دەرفەتێکی مێژوویی نوێیە بۆ سووریا.
یەکێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت: یارمەتیی گەلی سووریا بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ دەدەن، ئاشکراشی دەکات، سزا ئابوورییەکانیان لەسەر سووریا هەڵگرتووە.
ڕۆژی سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: لە 14 ساڵی ڕابردوودا، یارمەتیدەری گەلی سووریا بوون و بەردەوام دەبن لەو یارمەتیدانە، دەشڵێت: یارمەتییان دەدەین بۆ سووریایەکی نوێ.
هەر زوو دوای بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی سووریا وەڵامی بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپای بەرانبەر هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر وڵاتەکەی دایەوە و گوتی: بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ هەڵگرتنی سزاکان، پەرە بە ئاسایش و ئارامی لە سووریا دەدات.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سوپاسی یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر وڵاتەکەی. شەیبانی گوتیشی: هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی یەکێتی ئەوروپا، دەرفەتێکی مێژوویی نوێیە بۆ سووریا.
محەممەد یەسر بەرنیە، وەزیری دارایی سووریاش گوتی: بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکانی سەر سووریا، ڕەنگدانەوەی گرنگیدانە بە سەقامگیریی سووریا، دەشڵێت: بڕیارەکە سەرکەوتنێکی نوێی دیپلۆماسیەتی سووریایە.