دەم پارتی: دەبێ پەیوەندییەکانی کورد و تورک لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک بنیات بنرێتەوە

دەم پارتی: دەبێ پەیوەندییەکانی کورد و تورک لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک بنیات بنرێنەوە

باکرهان: “چارەکردنی پرسی کورد پەیوەستە بە یاسا و بەڵگەنامەی یاساییەوە”.

هاوسەرۆکێکی دەم پارتی بە پێویستی دەزانێت پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا چارە بکرێت. دووپاتیشی دەکاتەوە: ئاشتی، تەنیا بە نیازپاکی و قسەی خۆش بەدی نایەت.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “چارەکردنی پرسی کورد پەیوەستە بە یاسا و بەڵگەنامەی یاساییەوە، بۆیە دەڵێین پێویستە ئەم بابەتە لە پەرلەمان چارە بکرێت؛ ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو گەلاندایە.”

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیشی کردەوە “لە بنەڕەتدا، ئاشتی تەنیا بە نیازپاکی و قسەی خۆش بەدی نایەت، دەبێت یاسای پێویست لەسەر یەکسانی و برایەتی دەربکرێن.”

لەبارەی برایەتیی کورد و تورک، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا “لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورک زیانیان بەرکەوتووە و لاواز بوون، بەڵام دەتوانین ئەو پەیوەندییانە لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی بنیات بنێینەوە.”

ڕۆژی هەینیش، 23-05-2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای پارتەکەی لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، بۆ لابردنی گومانەکان لەسەر پرۆسەی چارەسەری، پێویستە لیژنەیەک لە پەرلەمان پێک بهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کرد دەستپێشخەری بکات.

بە گوتەی گوتبێژەکەی دەم پارتی “تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە. نابێت مشتومڕی دەستووری نوێ، تێکەڵ بە بەرژەوەندیی سیاسی بکرێت. پێویستمان بە دەستوورێکی نوێی دیموکراسی و ئازادیخوازانەیە کە لە سایەیدا هەمووان هەست بە سەلامەتی بکەن.”

چەند ڕۆژێکە شاندێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان، دەستی بە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی، کردووە.

 سەردانەکان لە کاتێکدان، ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێک هاتبوو؛ سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆ بووەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا گوتوویەتی: ”براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی ئیمزا بکەین”.

پوستێن ھەمان بەش