بەسێ هۆزات: تەنیا ئۆجەلان دەتوانێ چەک لە شەڕڤانان وەربگرێت

بەسێ هۆزات: تەنیا ئۆجەلان دەتوانێ چەک لە شەڕڤانان وەربگرێت

بەسێ هۆزات: “دەوڵەتی تورک جیددی نیە”.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەڵێ، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کە لە کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا بڕیاریان لەسەر دراوە، بە مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە و هەڵگرتنی هەنگاوی دیموکراتیک، دەکرێ بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەسێ هۆزات، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی “مەدیا هەبەر”دا، هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەوشی سیاسی و بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکە کرد. هۆزات دووپاتی کردەوە کە دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕۆژانی 5 – 7ی ئایار بەڕێوەچووە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارانەی پەسند کردووە.

بەسێ هۆزات دەستنیشانیشی کرد کە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە ڕاستەوخۆ بە چەند مەرجێکی بنەڕەتییەوە گرێدراون و گوتی: “بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە، یانی جێبەجێ کردنی، پراکتیزەکردنی بڕیاری فەسخکردنی پەکەکە، ڕاوەستاندنی تێکۆشانی چەکدارییش تەنها پەیوەستە بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە. پەیوەستە بەوەوە هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێندرێت و بەم شێوەیە ڕێبەر ئاپۆ ئەم تێکۆشانە بەڕێوەبەرێت”.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە سەرنجی خستە سەر داننان بە مافی سیاسەتی دیموکراتیک و پێکهێنانی هەموار و گۆڕینی یاسایی و دەستووری و گوتی: “دەبێت دەستووری بنەڕەتییەک بنووسرێتەوە کە دیموکراتیک، ئازادی پارێز و یەکسانی گەلان مسۆگەر بکات، ناسنامەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی تورکیا مسۆگەر بکات”.

بەسێ هۆزات گوتی: “بڕیارەکانی کۆنگرە ڕوونە؛ فەسخکرن و کۆتایهێنانە بە ڕیبازی تێکۆشانی چەکداری، کۆنگرە بەمشێوەیە کۆتای بە کاتی تێکۆشانی چەکداری هێناوە، بەڵام جێبەجێ کردنییان پەیوەستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، داننان بە مافی سیاسەتی دیموکراتیک، پێکهێنانی هەموارکردنەوەی دەستووری و یاسایی. تەنها بەم مەرجانەوە دەتوانرێت کردەی ببێتەوە”.

هۆزات سەبارەت بە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاش ڕەخنەی لە چۆنیەتی مامەڵەی ئەکەپە گرت و وەکوو “ناجیددی” ناوی برد.

بەسێ هۆزات جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە: “ئێمە بە ڕوونی دەڵێین؛ تەنها خودی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێ چەک لە شەڕڤانان وەرگرێت. ئەمەش تەنها بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت”.

پوستێن ھەمان بەش