“گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە، بە هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی عێراق بەردەوامە.”
زیاتر لە 200 خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان جێهێشت و گەڕانەوە عێراق، ئەمەش لە ژێر ڕێکاری ئەمنیی توندی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بوو.
شوکری حەجی، بەرپرسی نووسینگەی دەرچوون لە کەمپی هۆل، بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند “لە سەرەتای ئەم ساڵەوە ئەمە 26مین کاروانی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانە بۆ وڵاتەکەیان.” گوتیشی: کاروانەکەی ئەم جارە لە 223 خێزان پێک هاتووە کە 832 کەسن.”
شوکری حەجی، ڕوونیشی کردەوە “گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە، بە هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی عێراق بەردەوامە.”
گوتیشی: ئەو خیزانە عێراقییانە بە زیاتر لە 20 پاسی عێراقی لە کەمپی هۆل گوازراونەتەوە عێراق. هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا یاوەریی و پاسەوانی خێزانە گەڕاوەکان بوون. بۆ ئەوەی دڵنیابن لە گەیشتنی ئەو پاسانە بە سەلامەتی.
لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا 241 خێزان کە لە 865 کەس پێک هاتبوون، کەمپی هۆلیان بەرەو عێراق جێهێشت.
پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کردبوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گوازراونەتەوە عێراق زیاتر لە 15 هەزار کەسن کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 12 هەزار و 600 عێراقی دیکە تاوەکوو ئێستا لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و چاوەڕوانی گواستنەوەن.