شاخەوان عەبدوڵڵا: “بە سەرۆک وەزیرانی عێراقمان گوت، ئەم بابەتە کاردانەوەی خراپی لە کوردستان دەبێت”.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستا،ن دەستمان بە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.
ڕۆژی سێشەممە، 3/6/2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هیچ کات نەمانویستووە هەوڵەکانمان باس بکەین و بە خەڵکی بفرۆشینەوە، دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی دەستمان بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێش دوو ڕۆژ کۆبوونەوەیەکمان کرد و زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سوودانی، باسمان لە وردەکارییەکان و گرفتەکان و هۆکاری نەناردنی مووچە کرد و پەیامی سەرۆک بارزانیمان گەیاندە ناوبراو، کە ناکرێت لەژێر هەر پاساوێک مووچە ببڕدرێت و پێداگریمان لەسەر داوایەکەی سەرۆک بارزانی بۆ خەرجکردنی مووچە پێش جەژن کرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوەی کرد، بە سەرۆک وەزیرانی عێراقمان گوت، ئەم بابەتە کاردانەوەی خراپی لە کوردستان دەبێت و هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ بەغدایە بەهۆی بازگە و سەرانەوەرگرتن بەو هۆیەوە داهاتی خاڵە سنوورییەکان 100 ملیار دینار مانگانە کەمی کردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە کرد، “بە سوودانیم گوت بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت هەڵگرن با دەست بە هەناردە بکرێتەوە، سوودانی گوتی با دادگا بڕیارێک بدات و فەرمانێکی وەلائی دەربکات و منیش مووچە خەرج دەکەم”.
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند: دوای کۆبوونەوەکە ڕاستەوخۆ لە دادگای فیدراڵی سکاڵامان تۆمار کرد، بەڵام کەوتینە بەردەم گرفتی ڕێژەیی یاسایی، داوامان کرد دانیشتنی دادگا بە ئۆنلاین بێت لەبەر جەژن، بەڵام ڕەزامەندیی نەدرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، داوایەک ئاراستەی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەکات و دەڵێت: “لە ڕوانگەی بەرپابوونی عەدالەت لەم یەک دوو ڕۆژە دیدارێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی خۆشمان مەسرور بارزانی ساز بکەن، لە لایەک بۆ گواستنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ هەرێم و لە لایەکی دیکە گوێ لە وەڵامەکانی ئەوانیش بگرن، دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئەمانەتەوە چۆن هیچ خاڵێکی ئەولاتان بیرنەچووە وەڵام و معانات و داتاکانی هەرێمیش بخەنە ڕوو”.