ئیسرائیل: “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشمان کردە سەر ئەو مووشەکهەڵگرانەی ئێران کە ئامادەبوون بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵبدرێن”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەستمان بە شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوای ئێران کردەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل شەپۆلیکی نوێی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای ئێران دەست پێ کردەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هێزی ئاسمانی هێرشی کردە سەر ئەو مووشەکهەڵگرانەی ئێران کە ئامادەبوون بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵبدرێن، پێشتریش لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل کە بەکار هێنرابوون.”
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند “هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەربازگەی شەهید مەدانی لە تەورێز دوو کەسی بریندار کرد.”
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون. تائێستاش هێرشەکان بۆ سەر یەکتر بەردەوامە.