ئۆجەلان هەسەدە بە حەشدی شەعبی ئیسرائیل ناو دەبات…!

ئۆجەلان هەسەدە بە حەشدی شەعبی ئیسرائیل ناو دەبات...!

ئۆجەلان: “ستراتژیی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ستراتیژییەکی پێنج قۆناغییە، سێ قۆناغی یەکەم واتە “غەززە، لوبنان و سووریا”، کۆتاییان هاتووە و دوو قۆناغەکەی دیکەش کە ماون، ئێران و تورکیان. هەسەدە لە ژێر کاریگەریی ئیسرائیلدایە و تەنها من دەتوانم پێش بەمە بگرم…”.

لە کاتێکدا پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە کە بە پرۆسەی ‘تورکیایەکی بێ تیرۆر’ ناو دەبرێت، بەردەوامە، هەندێک زانیاری لە پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەی نێوان ئۆجەلان و دەم پارتی لە 21ی نیسانی 2025 ئاشکرا بوون.

بەشێک لە پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەکەی نێوان ئۆجەلان و دەم پارتی لە ڕۆژنامەی “ئایدنلک”ی تورکیدا بڵاوکرایەوە. ڕۆژنامەکە ئەم هەواڵە بەم شێوەیە بڵاو کردۆتەوە:

بەشێک لە پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەکەی 21ی نیسانی 2025:

لە کۆبوونەوەکەی 21ی نیساندا، پەرڤین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، فایق ئۆزگوور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان و بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) ئامادەی بوون. گفتوگۆکە تۆمارکراوە و بە شرۆڤەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر قەزیەی پەرڤین بوڵدان لە ڕۆما دەست پێدەکات و بە باس لەسەر مەبەستی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوەی پێویستە لە تورکیا بکرێت و هەروەها تاوتوێکردنی بارودۆخی سووریا بەردەوام دەبێت.

ئۆجەلان هۆشدارییەک سەبارەت بە بنیاتنانەوەی سووریا هۆشداریی دەدات و دەڵێت: “تاکلایەنە مامەڵە مەکەن، وەک ئەوەی کە ئێوە هەوڵدەدەن شتێک لە ئاگر ڕزگار بکەن” و پێشنیاری کارکردنی پێکەوەیی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەکات. ئۆجەلان دەڵێت: “شەرع و سووریا ناوەندی عەرەبەکانن، باشە، با پێکەوە بین، با بڵێین دواقسە لای تۆیە”. ئۆجەلان یەپەگە/پەیەدە، (لقی سووریای پەکەکە)، کە لەلایەن ئەمریکاوە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، وەک ئەوە وەسف دەکات کە “ئیسرائیل حەشدی شەعبی خۆی دروستکردووە”.

کاتێک بابەتی سوریا هاتە پێشەوە، ئۆجەلان وتی:

“بەڵێ سڵاو لە زاخۆ و هاوڕێکانی (ئەندامانی پەکەکە لە سووریا). کار لەسەر بەرنامەیەکی گشتگیر دەکەم، شەرع و سووریا ناوەندی عەرەبین، دەبێت بە شەرع بڵێین: ‘وەرە با پێکەوە کار بکەین، بەڵام قسەی کۆتایی هی ئێوەیە. با ئێمە و ئێوە یەکبگرین، قسەی کۆتایی هی ئێوەیە.’ نابێ ئێمە تاکلایەنە و بە تاقی تەنها بۆخۆمان مامەڵە بکەین”.

دەشڵێت: “تورکمانەکانیش گرنگن، ئارتوک، توتوش، هەموویان وێران دەکرێن، چۆن دەتوانن خۆیان وەکوو تورک پیشان بدەن و دواتر جینۆساید بکەن. دەڵێن عەرەب و عەرەب یەک تورکمان ناهێڵن، تورکمان پەرێشانن و هەر دەڵێن شەرع و شەرع. ناسیۆنالیزمێکی ترسناکی عەرەبی هەیە، ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت دیموکراسی ناوچەیی بەسە بۆ ئەوەی هەناسەیەکی هەوای تازەیان پێبدات. ئەوە هەزار ساڵە تورکمان خەڵکی ڕەسەنی ئەم شوێنەن”.

‘هاوکارییەکە لە سووریا بەرێوەدەچێت’

ئۆجەلان دەڵێ: “بەڕێز ئیبراهیم کالن کەمێک نیگەرانە، بەڵام ئەگەر ئێوە لە سووریا ئەم کارە بکەن، من دەکشێمەوە، ئەوانەی لۆبی بۆ عەرەب دەکەن ڕادەوستن، ئێوە ئەوان فەرز مەکەن…”.

دەشڵێت: “ئەم هاوپەیمانێتییە بە پلەی یەکەم لە سووریا بەڕێوە دەچێت، ئەمە پلانی سەرەکییە، ئەمەش تورکیایەکی دیکە بۆ تورکیا زیاد دەکات. لۆبییەکی عەرەبی عەشایەری هەیە، با بە ئەوان فریو نەخۆین، سووریا بەقەدەر تورکیا بەنرخە”.

ئاماژە بەوەش دەکات: “ستراتیژییەکە لێرەدا دەبێت بەم شێوەیە بێت: تورکیا سەبارەت بە فیدراڵیزم زۆر وشیارە، من بە ئەنقەست ناڵێم خۆسەری و دەڵێم دیموکراسی ناوچەیی. بەڵام ئەو خۆسەرییە لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە. بۆ نموونە لەندەن بەم شێوەیە، گرنگە. جگە لە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراو، پارێزگار بوونی نییە و پۆلیس و دامەزراوە هەرێمییەکان پەیوەستن بە شارەوانییەوە. ئێمە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکی لەوشێوەیە لە تورکیاش دەنەخشێنین”.

‘ئیسرائیل حەشدی شەعبی خۆی دامەزراندووە’

ئۆجەلان ئاماژە بە یەپەگە/پەیەدە دەکات کە لقی سووریای پەکەکەیە و دەڵێت: “هەسەدە لەلایەن ئەمریکاوە دامەزراوە و ناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتیشی لەسەر دانراوە”.

“دەڵێن ئیسرائیلی دووەم، هەر ئێستا بوونی هەیە، ئیسرائیلی دووەم هی من نییە، ئەوەیە کە ئێوە پشتگیریی دەکەن. پشتی ئیسرائیل بە واتایەکی تر، ئەوە چییە؟ ئەوان دەیانەوێت ئیسرائیل وەک هێزێکی خاوەن هەژمونی دابمەرزێنن کە ستراتژییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابنێت. پێش و دوای نەتانیاهۆ-ترەمپ بۆ ئەوەیە. ئەوە ستراتیژییەکی پێنج قۆناغییە، سێ قۆناغی یەکەم واتە “غەززە، لوبنان و سووریا”، کۆتایی هاتووە. دوو قۆناغەکەی دیکەش کە ماون، ئێران و تورکیان. بۆ ئەم ستراتیژە پێویستییان بە کوردەکان هەیە، ئیسرائیل چۆن تێکەڵیان دەکات و چۆن دەیهەوێت بەکاری بهێنێت؟ ئێستا ئیسرائیل تەنها بیر لەوە دەکاتەوە کە من لە مەیدان وەدەر بنێت. قەندیل ئاگای لە خۆی نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لەم کارە بکات، چوونکە ئەو شوینەی کە قەندیلی تێدا هەڵکەوتووە، بەمشێوەیەیە. قەندیل لە ژێر کاریگەریی ئێراندایە و هەسەدەش لە ژێر کاریگەریی ئیسرائیلدایە. تەنها من دەتوانم پێش بەمە بگرم…”.

“دەبێ دانوستاندن هەبێت، و ڕەوشەکە بەو پێیە نیقاش بکرێت. ئەگەر وا نابێت، ئەوکاتە ئیسرائیل تێیدا بەشدارە. (بۆ بەرپرسەکەی میت) هەڤاڵێکی تۆ لەوێ دانیشتبوو، منیش گوتم: ‘هەسەدە 100 هەزار کەسیش بێت، هەڵدەوەشێتەوە بەڵام تۆ هەڵناوەشیتەوە’. بەڵام ئەوە ڕوویدا، ئیسرائیل حەشدی شەعبی خۆی دامەزراند”.

پوستێن ھەمان بەش