تەڤگەری شۆڕشگێڕانی ئارارات: “شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پەکەکە شەڕی براکوژی نییە بەڵکو جاش کوژییە”

تەڤگەری شۆڕشگێڕانی ئارارات: شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پەکەکە شەڕی براکوژی نییە بەڵکو جاش کوژییە

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەستی پژاک، لقی ڕۆژهەڵاتی پەکەکە بکات.

تەڤگەری شۆڕشگێڕانی ئارارات سەبارەت بە دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە، هاوشێوەی شۆڕشی ساڵی 2011ی سووریا، کاتێک ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆرێک لە شار و گوندەکانی ڕۆژئاوای ڕادەستی پەکەکە کرد بۆ ئەوەی ناوچەکە بپارێزێت، ئێرانیش دەیهەوێت شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەستی پژاک بکات بۆ ئەوەی ئیدی حزبە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بن.

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی کوردستان، لە بەشێکی بەیاننامەکەیدا هەڕەشەی لە پەکەکە کردووە و ڕایگەیاندووە، “ئەگەر مافیاکانی پەکەکە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەن، ئێمە بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان بە هەموو هێزمانەوە دژی ئەوان دەوەستینەوە”.

ڕاگەیاندراوەکەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی ئارارات بەم شێوەیەیە:

بۆ ڕای گشتی

ئێمە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە لەگەڵ شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران زۆر لاواز و بێدەسەڵات بووە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، هەر وەک شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 کە ڕژێمی بەشار ئەسەد زۆرێک لە شار و گوندەکانی ڕۆژئاڤای ڕادەستی پەکەکە کرد بۆ ئەوەی ناوچەکە بپارێزێت، ڕێژیمی ئێران و پەکەکە بە نهێنی پێکەوە پیلانێکی خراپ بەڕێوە دەبەن.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەستی پژاک، لقی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، بۆ ئەوەی حیزبە ڕاستەقینەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بن.

ئێمە ڕای گشتی و بەتایبەت هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە ڕۆژهەڵات زۆر جیاوازە لە ڕۆژئاوا. ئێمە مێژوویەکی 80 ساڵەی خەباتمان هەیە.

ئێمە وانەی خەبات لە سەرکردە گەورەکانی وەک پێشەوا قازی محەممد، دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی، کاک فوئاد سوڵتانی و سمکۆی شکاک، فێر بووین. ئێمە ئاڵای پیرۆز و هێزی پێشمەرگەی ئازا و بوێرمان هەیە.

ئەگەر مافیاکانی پەکەکە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەن، ئێمە بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان بە هەموو هێزمانەوە دژی ئەوان دەوەستینەوە. چونکە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ ئەوان براکوژی نییە، بەڵکوو جاش کوژییە.

تەڤگەری شۆڕشگێڕانی ئارارات

20ی حوزەیرانی 2025

پوستێن ھەمان بەش