چەتەکانی پەکەکە 4 منداڵی دیکەیان لە حەلەب و حەسەکە ڕفاند

چەتەکانی پەکەکە 4 منداڵی دیکەیان لە حەلەب و حەسەکە ڕفاند

بنەماڵەی ئەو منداڵە ڕفێندراوانە، داوایان لە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە کردووە کە بە هانایانەوە بێت بەڵام هەتا ئێستا داواکەیان بێ وەڵام ماوەتەوە.

چەتەکانی پەکەکە کەوا لەژێر ناوی “جوانێن شۆرەشگەر”دا چالاکی دەکەن، 4 منداڵی دیکەیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە، ڕفاند و ڕەوانەی کەمپەکانی چەکدارکردنی منداڵانیان کردوون.

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، لە ڕێکەوتی 12ی حوزەیرانی 2025دا، چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، مندالیکی تەمەن 12 ساڵانیان بە ناوی “محەممەد شەوقی یوسف”، لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب ڕفاندووە. محەممەد شەوقی خەڵکی گوندی ئاراندای سەر بە ناحیەی “شییەت”ی هەرێمی عەفرینە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە ڕێکەوتی 29ی حوزەیرانی 2025دا، چەتەکانی پەکەکە، “ئاری مەحموود عوسمان شالاش”ی تەمەن 14 ساڵانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب ڕفاندووە و بردوویانە بۆ کەمپەکانی چەکدارکردنی منداڵان.

ڕفاندنی ئاری مەحمود لە کاتێکدایە کە چەتەکانی پەکەکە لە ساڵی 2015ـەشدا، براکەیان ڕفاندووە کە تەمەنی تەنها ١٤ ساڵ بووە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.

هەروەها لە 31 گۆڵانی 2025 ئەم چەتانە مێردمنداڵێکی تری تەمەن 16 ساڵانیان لە شاری حەلەب ڕفاندووە کە نەخۆش بووە. ئەم کوڕە ناوی “جەمیل کیلۆ”یە و بنەماڵەکەی لە گوندی “قیلەت”ی سەر بە ناحیەی جندرێسی عەفرین دەژین.

چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە هەروەها لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاڤای کوردستانیش، مێردمنداڵێکی دیکەی تەمەن 12 ساڵانیان بە ناوی “خەلیل ئەحمەد” لە بەردەم قوتابخانەکەیدا ڕفاندووە.

بنەماڵەی ئەو منداڵە ڕفێندراوانە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان سەردانی دامودەزگاکانی پەیەدەیان کردووە، بەڵام نەیانتوانی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان بەدەست بخەن. هەرچەندە بنەماڵەی ئەو منداڵانە داوایان لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کردووە کە بە هانایانەوە بێت و منداڵەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا داواکەیان بێ وەڵام ماوەتەوە و هیچ کەس و لایەنێک بە هانایانەوە نەهاتووە و تا ئێستاش چارەنووسی منداڵەکانیان نادیارە.

پوستێن ھەمان بەش