پەکەکە چەک دادەنێت و بەرەو قۆناغێکی نادیار دەڕوات

پەکەکە چەک دادەنێت و بەرەو قۆناغێکی نادیار دەڕوات

وتەبێژی ئاکەپە: “سبەی ئەردۆغان وتارێکی مێژوویی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پێشکەش دەکات”.

ئەمڕۆ ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان وەک هەنگاوێکی سیمبۆلیک و ڕەمزی چەیان دانا.

ئەمڕۆ هەینی، 11ی تەمموزی 2025 بە بەشداری نوێنەرانی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری یەکێتی نیشتمانی و هەروەها نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و هاوسەرۆکانی دەم پارتی و نوێنەرانی باڵای پەکەکە، لە دەڤەری ڕاپەڕین ژمارەیەک گەریلا چەکیان دانا.

بڕیاری چەکدانانی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لە کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکە درا، کە لە ئایاری 2025دا لەسەر داوای ئۆجەلان بەسترا.

پەکەکە دەڵێ: دانانی چەک نیشانەی نیەتی باشی ئێمەیە کە ئامادەین دەستبەرداری خەباتی چەکداری بین. بەو هیوایەی تورکیا لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەنگاوی ئەرێنی و بەرەوپێشەوە بنێت.

شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) لە باکووری کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکەدا ڕۆیشتوونەتە باشووری کوردستان.

پڕۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان و تورکیا لەگەڵ داماڵینی چەک لە پەکەکەدا دەچێتە قۆناغێکی نوێیەوە، بەڵام ئەمە قۆناغی کۆتایی پرۆسەکە نییە، پێدەچێت سەرەتایەکی دیکە بێت بۆ پرۆسەکە، هەرچەندە تورکیا ناوی ئاشتی بەو پرۆسەیە نەداوە و بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر)ی دەزانێت.

دوای دیمەنی ڕەمزی داماڵینی چەک، هەموو چاوەکان لەسەر تورکیان، چاوەڕوان دەکرێت حکومەت و پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە هەنگاوی نوێ بنێن.

بە وتەی عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاکەپە، سبەی شەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتارێکی مێژوویی سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری پێشکەش دەکات.

لە ڕێکەوتی 27ی شوباتی 2025دا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد و ڕایگەیاند، چیتر پێویستی بە پەکەکە نەماوە و دەبێ هەڵبوەشێنرێتەوە. ئۆجەلان لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی و بەبێ زامنبوونی هیچ مافێک بۆ گەلی کورد ئەم بانگەوازەی کرد.

پوستێن ھەمان بەش