دەم پارتی: “ئەم پرۆسەیە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کوردە، بە چارەسەرکردنی پرسی کورد تورکیا دیموکراتیکتر دەبێت”.
گوڵستان کلچ کۆچییگیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕایگەیاند، “قبووڵ ناکەین کە ئەم پرۆسەیە تەنها بە تیرۆرەوە گرێ بدرێت”. کۆچیگیت جەختی لەوە کردەوە کە ناوی کۆمیسیۆنەکە دەبێت خزمەت بە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد بکات.
کۆچیگیت دوێنێ دووشەممە 4ی تەباخ، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا ناو و سیستەمی کارکردنی کۆمسیۆن تاوتوێ دەکرێت و زۆربەی بابەتەکان ڕوون دەکرێنەوە.
“ئێمە گرێدانی بە ‘تیرۆر’ـەوە قبووڵ ناکەین”
گولستان کلیچ کۆچییگتی هەڵوێستی حزبەکەی سەبارەت بە ناوی کۆمسیۆنەکەی خستەڕوو و وتی: “ئێمە ناوێکمان بۆ کۆمسیۆنەکە پێشنیار کردبوو کە بە ناوی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ بێت. ئێمە بە دروستی نازانین کە ئەم پرۆسەیە تەنها بە ‘تیرۆر’ـەوە ببەسترێتەوە و ئەمە قبووڵ ناکەین”.
کۆچییگیت جەختی لەوە کردەوە کە ناوەڕۆک و ناوی کۆمیسیۆنەکە دەبێت خزمەت بە چارەسەری بکات و وتی: “ناوی کۆمیسیۆنەکە بە شێوەیەک بێت کە خزمەت بە چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە تورکیا بکات. پێویستە چەمکی ‘دیموکراسی’ لە ناوی کۆمیسیۆنەکەدا هەبێت”.
هەروەها ڕایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی پەرلەمان ئەنجامی کۆتایی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنێت.
“بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، تورکیا دیموکراتیکتر دەبێت”
جێگری سەرۆکی فرکسیۆنی دەم پارتی، ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆسەیەی خستەڕوو و وتی: “ئەم پرۆسەیە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کوردە، بە چارەسەرکردنی پرسی کورد تورکیا دیموکراتیکتر دەبێت”.