عومەر چەلیک: “کارەکانی کۆمیسیۆنەکە لەچوارچێوەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە و بە ئامانجی گەیشتن بە تورکیای بێ تیرۆر ئەنجامدەدرێن”.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوەکرد، هەوڵدەدرێت ئەرکی دیکە لە دەرەوەی تەوەری کاری کۆمیسیۆنی “هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی” بخرێتە ئەستۆی کۆمیسیۆنەکە و ئاماژەی بەوەکرد، کارەکانی کۆمیسیۆنەکە لە چوارچێوەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکەدایە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەو بارەیەوە گوتی ” لەپێناو جێبەجێکردنی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، چەک سووتاندن و چەکرادەستکردن، لیژنە پەرلەمانییەکە دەستی بە کارەکانی کرد. کۆمیسیۆنەکە زەمینە و بناغەیەک پێکدەهێنێت. هەر لە سەرەتاوە ئەم کارانە لەچوارچێوەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و بە ئامانجی گەیشتن بە تورکیای بێ تیرۆر ئەنجامدەدرێن. ئێستا دەبینین هەوڵدەدرێت ئەرکی دیکە بخرێتە ئەستۆی لیژنەکە و لەوبارەیەوە پرسیارمان لێدەکرێت، تەوەری کاری کۆمیسیۆنەکە بریتییە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان و بابەتی دیکە پەیوەندیی بە لیژنەکەوە نییە بۆ نموونە باسکردن لە دەستوور”.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئاماژەی بەوەشکرد لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سووریا و هەموو ئەو هەنگاوانە دەکەن کە بە گوتەی ئەو “ئامانج لێی تێکدانی پرۆسەی چارەسەرییە لە تورکیا” و گوتی: “داواکاریی درووستکردنی رێڕەوێک لە سوەیداوە بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، داواکاری زایۆنییەکانە”.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی ” لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سووریا و هەموو ئەو هەنگاوانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئەو پرۆسەیەیە لە تورکیا بەردەوامە. هەروەها دەمانەوێت هەموان بزانن بە هەستیارییەوە چاودێریی ئەو هەنگاوانە دەکەین کە ئامانج لێی پارێزگارییکردن لە پێگەیەکە کە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا یان نوێکردنەوەی ئەو پێگەیە. ئەوەی بنەڕەتییە ئەوەیە هەرچی زووە رێککەوتننامەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە جێبەجێبکرێت و ئەوکاتە هیچ کێشەیەک نامێنێت. بەڵام داواکاری ئەوەی لە ناوچەی سوەیداوە رێڕەوێک بکرێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی هەسەدەی لێیە و درووستکردنی رووبەرێکی جیاواز، ئەمە داواکاریی ئیمپریالیست و زایۆنییەکانە. ئەمە بابەتێکە بە هەستیارییەوە چاودێریی دەکەین”.