ئەو پێشنیازانە کە کۆمسیۆن ئامادەیان دەکات، بۆ بڕیاری کۆتایی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێن و لەوێ دەنگیان لەسەر دەدرێت.
کۆمیسیۆنی تایبەتی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ پڕۆسەی ئاشتی دامەزراوە، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تەباخ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. ئەم هەنگاوە وەک قۆناخێکی نوێ و گرنگ لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان سەیر دەکرێت کە ئامانجە سەرەکییەکەی دامەزراندنی بنەمایەکی یاساییە بۆ چارەسەری.
پڕۆسەی ئاشتی کە لە دوای لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد و چەندین قۆناخی وەک کۆبوونەوە لە ئیمرالی و سەردانی شاندەکانی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە دەچێتە قۆناخێکی فەرمی و یاساییەوە.
ئامانج و پێکهاتەی کۆمسیۆن
ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمسیۆنە کە لە 51 ئەندامی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان پێکدێت، ئامادەکردنی بنەمایەکی یاساییە بۆ پڕۆسەی ئاشتی، بەجۆرێک کە ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنەبەر لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بێت.
دابەشکردنی ئەندامانی کۆمسیۆن بەم شێوەیەیە:
ـ ئاک پارتی: 21 ئەندام
ـ جەهەپە: 10 ئەندام
ـ مەهەپە: 4 ئەندام
ـ دەم پارتی: 4 ئەندام
ـ هاوپەیمانی یێنی یۆل (دەڤا، سیبەرۆژ، سەعادەت): 3 ئەندام
ـ هودا پار، یەندەن ڕەفاح، TİP، EMEP، DSP، و DP: هەرکامەیان 1 ئەندام
ـ İYÎ پارتی بە 3 ئەندام بەشداری کۆمیسیۆن ناکات.
ناوی جیاواز، دیدگای جیاواز
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی یەکەم کۆبوونەوە دیاریکردنی ناوی کۆمسیۆن بوو. هەر لایەنێک بە پێی ڕوانگەی خۆی ناوێکی پێشنیار کرد، کە ئەمە تیشک دەخاتە سەر جیاوازی بۆچوونەکانیان:
ـ ئاک پارتی: تورکیا بێ تیرۆر
ـ دەم پارتی: ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
ـ جەهەپە: دیموکراسی، دادپەروەری و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی
ـ مەهەپە: یەکڕیزی و هاودەنگی نەتەوەیی
کار و ئەرکەکانی کۆمسیۆن
کۆمسیۆن کار لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی دەکات کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهاتووی پرۆسەکە دەبێت:
1ـ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نوێ: ئامادەکردنی پێشنیاری یاسایی بۆ پێشخستنی پرۆسەکە.
2ـ هەموارکردنەوەی یاساکان: گۆڕین یان هەموارکردنەوەی یاساکانی هەیی، بەتایبەتی یاسای سزادان و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
3ـ چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە: باسکردن لە ئایندە و چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە.
ئەو پێشنیازانە کە کۆمسیۆن ئامادەیان دەکات، بۆ بڕیاری کۆتایی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێن و لەوێ دەنگیان لەسەر دەدرێت.
میکانیزمی بڕیاردان
بڕیارەکانی ناو کۆمیسیۆن بە زۆرینەی دەنگ دەدرێت. کاتی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە هەتا ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەم دەستنیشان کراوە و دەبێت کۆمیسیۆن لەماوەی دوو مانگدا کارەکانی تەواو بکات. ئەم هەنگاوە لەلایەن زۆر کەس و لایەنەوە وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ چارەسەرێکی سیاسی و بەردەوام دادەنرێت.