چیرۆکی ئەو پێشمەرگانەی کە گەریلاکانیان لە مردن ڕزگار کرد و بە دەستی خودی پەکەکە شەهید کران

چیرۆکی ئەو پێشمەرگانەی کە گەریلاکانیان لە مردن ڕزگار کرد و بە دەستی خودی پەکەکە شەهید کران

“گرووپێک گەریلا پەلاماری بارەگایەکی پێشمەرگەیان لەنێوان باتیفا و دەرکارێ دا و چەندین پێشمەرگەیان شەهید کرد”.

✍️ کوردۆ باکووری

“ساڵی 2000، لە ناوچەی حەفتەنین لە یادەوەرییەکانی گەریلایەکی ئەو کاتەدا”

هێشتا ساڵێک بەسەر پاشەکشەی گەریلاکان لە باکوورەوە بەرەو کەمپەکانی باشووری کوردستان تێنەپەڕیبوو، دەوڵەتی تورک هێرشێکی بەرفراوانی دژی گەریلاکانی پەکەکە لە دۆڵی پساخا و چیای خانتوور ئەنجامدا.

پێش ئەوەی باسی ئەو ئۆپەراسیۆنە و ئەو هاوکارییانە بکەین کە پێشمەرگەکانی کوردستان پێشکەشی گەریلاکانیان کرد، باسی ئەو کەمپانە دەکەین لە باشوور کە گەریلای لێی نیشتەجێ بوون. ئەم کەمپانە لەو گوندانە بوون کە لە کاتی شەڕی سەدام چۆڵ کرابوون و پەکەکە لەو گوندانەدا دەمایەوە.

لە ساڵی 1983 و بەپێی ڕێککەوتنێک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا، گەریلا لەو ناوچانە نیشتەجێ بوو و وردە وردە پەکەکە ڕێگەی نەدا کە نە پێشمەرگە و نە تەنانەت خەڵکی ئەو گوندانەش بچنە سەر زەوی و موڵک و ماڵەکانیان لەو ناوچانەی کە پەکەکە بە دەستووری پەدەکە تێیدا نیشتەجێ ببوو. پەکەکە خەڵکی دەگرت و سزای دەدا و نەیدەهێشت ئەو خەڵکە هەژارانەی کە خاوەنی ئەو گوندانە بوون هیچ کار و کاسبییەک بۆخۆیان بکەن.

ئۆپەراسیۆنی تورکان لە دۆڵی پساخا

بەهاری ساڵی 2000 بوو، تورکەکان لە ناوچەی هەفتەنین و بەتایبەتی لە دۆڵی پساخا و چیای خانتوور زنجیرە هێرشێکیان ئەنجامدا. سنووری نێوان سوپای تورکیا و پێشمەرگە ڕووباری دۆڵی پساخا بوو. پێشمەرگە لەوێ جێگیر بوو بۆ ئەوەی سوپای تورکیا پێشڕەوی نەکات. تورکەکان پلانیان دانابوو کە عەسکەرەکانیان و جاشەکانی دەوڵەتی تورک نەتوانن لە ئاوی دۆڵی پساخا بپەڕێنەوە بۆ چیای خانتوور و هێرشەکانیان لە ماوەی 2 ڕۆژدا بە هەماهەنگی هێلیکۆپتەری کۆبرا دەستی پێکرد.

لە ڕۆژی دووەمدا هێرشەکە چڕتر بووەوە و گەریلاکان لە گردەکانی “سیسەر، ئەلانش، پارتیزان” بەرەو خانتوور پاشەکشەیان کرد. عەسکەرەکانی تورک و جاشەکان، هەتا سەر ڕووبارەکە بەدوای گەریلاکاندا هاتن، بەڵام نەنپەڕینەوە. گەریلاکان لە دۆڵەکانی “مارسس شەشدار”ـەوە بەرەو خانتور پێشڕەوییان کرد، تەواوی ناوچەی خانتوور لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرابوو و نەیانهێشت سوپای تورک پێیدا تێپەڕێت. گەریلاکان لە پێشمەرگە نزیک بوونەوە و کاتێک پێشمەرگە بینیان کە گەریلاکان تووشی کێشە و تەنگ و چەڵەمە هاتوون و هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانیش دەرفەتی شەڕکردنیان لێ زەوت کردوون، بە جیهاز قسەیان لەگەڵ فەرماندەکانیان کرد و گوتیان: “گەریلاکانی پەکەکە لە نزیک ئێمەن، چی بکەین؟”

فەرماندەی پێشمەرگەکان فەرمانی دا و وتی: “ئەگەر ئەوان شەڕتان لەگەڵ نەکەن و هێرش نەکەنە سەرتان، مانای وایە کە تووشی کێشە هاتوون، نابێ بە دەستی ئێمە بکوژرێن”.

لەو کاتەدا “عادلێ بلکی” بە جیهازێک لەگەڵ فەرماندەی پێشمەرگە قسەی کرد و وتی: “ئێمە براین، ئێوە نابێت ئێمە بخەنە تەنگانەوە”.

ئەوە بوو، یەک پێشمەرگەش تەقەی نەکرد، ئەگەر بیانویستبا بیانکوژن، گەریلا کەوتبوونە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەکان و دەیانتوانی بە دەیان گەریلا شەهید بکەن، بەڵام پێشمەرگە هاوکاری ئێمەیان کرد و شەڕیان نەکرد.

چەکدارە تورکەکان بەمەیان زانی، بۆیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ فەرماندەکەی خۆیان قسەیان کرد و ڕایگەیاند، پێشمەرگە هاوکاری گەریلاکانی کردووە، فەرماندەی تورکەکانیش لە ڕێگای جیهازەوە بە چەکدارەکانی خۆی ڕاگەیاند: “سەگی ڕەش و سپی، هەر سەگن و یەکتر ناکوژن”.

ئەو ڕۆژە ئەندامانی پەکەکە “یەکبوون گۆیی، ڕێزان کورتالان، ڕێناس ئامەد، لوری بەشێری، هۆگر کۆتۆڵ” و 4 گەریلای تر کە ناویانم لەبیر نەماوە، 9 شەهید و 18 برینداریان هەبوو. کاتێک شەو بەسەردا هات، پێشمەرگە گەڕایەوە بەڵام هێرشەکانی سوپای تورک تا ڕۆژی سێیەم بەردەوام بوو.

کادرێکی پەدەکە لە ماڵەکەی خۆیدا فەرماندەیەکی پەکەکەی تیمار کرد

فەرماندەیەکی پەکەکە بە ناوی “چ.هـ” بە برینداری خۆی گەیاندە گوندی بانیکێ و پیربیلا و لە ماڵی کادرێکی پەدەکە مایەوە. ئەو کادیرەی پەدەکە، فەرماندەکەی پەکەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا شاردەوە و پارێزگاریی لێکرد، کە ماڵێک بوو بە داب و نەریتی کوردەوارییەوە. لە ماڵەکەی خۆی حەشاری دا و پاراستی و برینەکانی تیمار کرد و دوای ئەوەی کە هێرشەکانی دەولەتی تورک کۆتایی پێهات، سواری ئەسپێکی کرد و ڕادەستی هەڤاڵانی پەکەکەی کردەوە.

دوای تەواوبوونی هێرشەکە، گەریلاکان بریندارەکان و تەرمی شەهیدەکانیان کۆکردەوە و لە دۆڵی مارسس بەخاکیان سپاردن. دوای ماوەیەک و لەگەڵ تەواوبوونی هێرشەکەی تورکیا، ئەندامانی پەکەکە بە فەرماندەیی عادلێ بلکی کۆبوونەوەکەیان ئەنجامدا و لە پەکەکەوە ڕێنمایییان بۆ هاتبوو کە دەبێ تۆڵە بکەنەوە.

ماوەی 4-5 ڕۆژ تێپەڕ بوو، گەریلاکان چاوەڕێی ئەوە بوون بزانن کە دەبێ لە کام هێز یان کام قەرەقۆلی تورکیا تۆڵە بکەنەوە.

بەڵام دوای چەند ڕۆژێک حیزبەکەیان واتە پەکەکە وەڵامی دایەوە و پێیان ڕاگەیاندین کە تۆڵەیان کردووەتەوە.

تۆڵەکە ئەوە بوو کە گرووپێک گەریلا لە دۆڵی حەفتەنین، چووبوونە سەر گردێکی پێشمەرگە لەنێوان باتیفا و دەرکارێ و لەوێ چەندین پێشمەرگەیان شەهید کردبوو.

ئەم دەنگۆیە لە نێو گەریلاکانیشدا ناڕەحەتیی دروستکرد، چونکە ئەوان دەیانزانی کە پێشمەرگە چەندەیان هاوکاری کردوون و لە مەرگی حەتمی و چەکدارانی تورک ڕزگاریان کردوون. گەریلاکان بۆخۆیان شاهیدی ئەم هاوکارییە بوون، ئەمەش خیانەتێک بوو و براکوژییەک بوو کە پەکەکە کردی.

پەکەکە لە جیاتی ئەوەی کە فەرمان بدەن و بڕۆن تۆڵە لەو چەکدارە تورکانە بکەنەوە کە لە هێرشەکەی دۆڵی پساخادا 9 گەریلایان شەهید و 18ی دیکەشیان بریندار کردبوو، ئەوان چوون خیانەتیان کرد و ئەو پێشمەرگانەیان شەهید کرد کە گەریلاکانیان پاراستبوو.

دڵتەزێنترین شت ئەوە بوو کە ئەو ئەندامی پەکەکە “ج.هـ” کە بە برینداری لە ماڵی کادرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پارێزرابوو و برینەکانی تیمار کرابوون و چارەسەری بۆ کرابوو، ببوو بە فەرماندەی ئەو گرووپەی گەریلاکان کە پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیان دابوو. ئەو لە ناوچەی حەفتەنین و چیای شکێرە هەتا ڕووباری خابوور، بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕا و بۆسەی بۆ دادەنانەوە.

پەکەکە جگە لە شەهیدکردنی پێشمەرگە، هاوکات پلانیشی هەبوو کە لە ناو شاری زاخۆدا تەقینەوە ئەنجام بدات. بۆ ئەم مەبەستەش دوو گەریلا بە ناوەکانی ڕۆژهات و سیپان بە ڕێنمایی “عادلێ بلکی” ئامادە کرابوون، کە یەکێکیان خەڵکی گەڤەر و ئەوی دیکەشیان خەڵکی ئامەد بوو، کە هەردووکیان شارەزای دانانەوەی بۆمب بوون.

ئەو دوو گەریلایە، لەگەڵ کەسێک کە دانیشتووی ناوچەکە بوو و ڕێگای بۆ کردبوونەوە کە بچن تەقینەوەیەکی گەورە لە زاخۆ بکەن. بەڵام پێشمەرگەکانی کوردستان و هێزەکانی ئاسایش هەر زوو بەو پیلانەیان زانی و هەر لە دەرەوەی شارەوە پووچەڵیان کردەوە. ئەگەر بهاتبا و ئەوان بگەیشتبانە بە ئامانجەکەیان، تەقینەوەیەکی زۆر گەورە و خوێناوییان لە شاری زاخۆ ئەنجام دەدا.

پوستێن ھەمان بەش