لە چاناککالەی تورکیا دارستانەکان ئاگریان تێبەر بووە و 5 گوند چۆڵکراون

لە چاناککالەی تورکیا دارستانەکان ئاگریان تێبەر بووە و 5 گوند چۆڵکراون

“تەنیا ئەم ساڵ 5 هەزار و 121 ئاگر لە دارستان، زەوییە کشتوکاڵی و پووش و پاوانەکان کەوتۆتەوە.”

لە قەزای گەلیبۆلوی سەر بە پارێزگای چاناککالەی تورکیا، ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستانەکاندا کەوتووەتەوە و هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە رێگەی ئاسمان و وشکانییەوە بۆ دامڕکاندنی بەردەوامن.

 بەپێی زانیارییەکان ئاگرەکە ئێوارەی دوێنێ شەممە کەوتۆتەوە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 17/8/2025، لەنێوان گوندەکانی تەیفور و جومالی لە قەزای گەلیبۆلو پەرەی سەندووە و بەهۆی کاریگەریی باوە، بۆ دارستانەکانی قەزای ئەجەئابادیش تەشەنەی کردووە و تاوەکو ئێستاش هەوڵی کوژاندنەوەی بەردەوامە.

 عومەر تۆرومان، پارێزگاری چاناککالە، لە راگەیاندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسییەکانی ئاگرەکەوە پێنج گوندی ناوچەکە چۆڵکراون و 251 هاووڵاتی بۆ شوێنی ئارام گوێزراونەتەوە.

 تۆرومان جەختی کردەوە کە، “تاوەکو ئێستا ئاگرەکە نەگەیشتووەتە ئەو ناوچە نیشتەجێبوونانەی چۆڵکراون” و رایگەیاند سەرجەم تیمەکان، بەتایبەتی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکان، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.

پارێزگار تۆرومان لە لێدوانێکی نوێدا دووپاتیکردەوە، هەوڵەکان لە وشکانییەوە بە درێژایی شەوەکە بەردەوام بوون و لەگەڵ هەڵاتنی خۆر، جارێکی دیکە لە رێگەی ئاسمانیشەوە دەستیانپێکردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا لە ڕێکەوتی 15/8/2025دا رایگەیاند، 96%ـی ئاگرەکان بەهۆی مرۆڤەوە روودەدەن و گوتی، “تەنیا ئەم ساڵ 5 هەزار و 121 ئاگر لە دارستان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، پوش و پاوانەکان کەوتووەتەوە.”

 بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.

پوستێن ھەمان بەش