تونجەر باکرهان بۆ هاکان فیدان: لێدوانی هەڕەشەئامێز چارەسەر نیە

تونجەر باکرهان بۆ هاکان فیدان: لێدوانی هەڕەشەئامێز چارەسەر نیە

تونجەر باکرهان: پێویستە تورکیا بۆچوونەکانی بەرانبەر کوردانی سووریا بگۆڕێت

هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی سووریا و لیدوانەکانی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەسەدە و یەپەگە ڕایگەیاند: لێدوانی هەڕەشەئامێز دژی سەرکردایەتی و خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان( دەم پارتی) ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی تەباخی 2025، لەبارەی گرژییەکانی سووریا و لێدوانی هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە و یەپەگە رایگەیاند: حکوومەتی نوێی سووریا درێژە پێدەری هەمان بیرکردنەوەی دەسەڵاتی ئەسەدە و لێدوانی هەڕەشەئامێز دژی سەرکردایەتی و خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: ناکرێت دەسەڵاتی تورکیا مامەڵەی لەگەڵ کوردانی تورکیا دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بەجۆرێک بێت و لەگەڵ کوردانی سووریا بەجۆرێکی دیکە بێت، چونکە کوردانی سوریا و تورکیا ئاشتیان دەوێت.

ئاماژەی بەوە دا، بەستنەوەی هەردوولا بە یەکتر کارێکی راست نییە و  گەلی کورد چۆن لە ڕۆژئاوا متمانە بەو کەسانە بکەن کە خۆیان بە کۆماری عەرەبی سووری ناودەبەن؟.

دوێنێ چوارشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لە سوریای نوێ نابێت مەترسی بۆ سەر کوردەکان دروست بێت و پێویستە هەسەدە رێککەوتنەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا جێبەجێ بکات، گوتیشی، پێویستە یەپەگە مەترسی زیاتر بە سەر خوشک و برا کوردەکانییان نەهێنێت و چیتر یاری بە ئایندەیان نەکات.

پوستێن ھەمان بەش