بڕیارە وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی دەوڵەتی تورکیش لەم دیدارەدا بەشداری بکات.
“کۆمیسیۆنی یەکگرتنی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی”ی پەرلەمانی تورکیا دوای سێهەمین کۆبوونەوەی خۆی کە دوێنێ سێشەممە بەڕێوەچوو، بڕیاریدا لە کۆبوونەوەی داهاتوودا لەگەڵ لایەنە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ کۆببێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، کۆمسیۆنەکە بڕیاریداوە لە چوارەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، کە لە بڕیارە ڕۆژانی 19 و 20ی تەباخ بەڕێوەبچێت، لەگەڵ بەشێک لە “دایکانی ئاشتی” کە منداڵەکانیان “چوونەتە شاخ” و خێزانی ئەو چەکدارانەی تورک کە لە شەڕی نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا کوژراون، کۆببێتەوە.
جگە لەوەش بڕیارە ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی تورکیاش لەم دیدارەدا بەشداری بکات.
ئامانجی سەرەکی کارەکانی ئەم کۆمیسیۆنە ئامادەکردنی بنەمایەکی یاساییە بۆ پرۆسەی ئاشتی. کۆمسیۆن کار بۆ چاکسازی و هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا دەکات، بەتایبەتی بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەی یاسایی کە ڕێگە بۆ چەکدانانی پەکەکە خۆش بکات.