کورتوڵمووش: ئەرکی کۆمیسیۆنەکە چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی دیموکراتیکبوونە

کورتوڵمووش: ئەرکی کۆمیسیۆنەکە چاودێریکردنی پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی دیموکراتیکبوونە

“ئەرکی سەرەکی کۆمیسیۆن چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەیە لە دوای چەکدانان، بۆ ئەمەش هەندێک یاسا هەموار دەکرێنەوە”.

کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی بۆ جاری سێیەم کۆبووەوە، سەرۆکی پەرلەمانیش ڕایگەیاند: کاری سەرەکی کۆمیسیۆن پتەوکردنی پەیوەندیی برایەتی و نەتەوەییە لە تورکیا.

نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە هاوکات سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیاشه‌ بۆ پرۆسەی ئاشتی، ڕۆژی سێشەممە، 12ی تەباخی 2025، ڕایگەیاند: ئەرکی سەرەکی کۆمیسیۆن چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی پرۆسەکەیە لە دوای چەکدانان، بۆ ئەمەش هەندێک یاسا هەموار دەکرێنەوە، خاڵی وەچەرخان لە کارنامەکەدا، گفتوگۆکردنە لەسەر پرسەکانی دیموکراسی، چونکە کارنامەیەکی گرنگی کۆمیسیۆنە.

نوعمان کورتووڵموش گوتی: لە دوو کۆبوونەوەی پێشوودا بە کۆی دەنگ بڕیارەکان دراون و دەمانەوێت ئەم کۆدەنگییە بەردەوام بێت، هەروەها کۆمیسیۆن بەناوی میللەتەوە بەرپرسیارێتی کارەکانی خۆی دەگرێتە ئەستۆ.

 هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆن کار بۆ لابردنی بەکارهێنانی چەک دەکاتەوە، لە نێو کۆمەڵگە و هەروەها پتەوکردنی یەکڕیزی و برایەتی نەتەوەیی و کارەکانی لە بواری ئازادی و دیموکراسی و سەروەری یاسادا جێبەجێ دەکات.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 8ی تەباخی 2025، کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بۆ دووەمین جار کۆبووەوە.

هەر یەکە لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوون.

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.

پوستێن ھەمان بەش