ڕوانگەی سووری ئامارێكی نوێی قوربانییانی سوه‌یدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

ڕوانگەی سووری ئامارێكی نوێی قوربانییانی سوه‌یدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

“429 کەس له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی حکوومەتی دیمەشقەوە لەسێدارە دراون کە 38یان ئافره‌ت و 14شیان منداڵ و بەساڵاچوو بوون”.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ به‌ڵگه‌ی نوێ له‌ باره‌ی ژماره‌ی كوژراوانی پارێزگای سوه‌یدا ئاشكرا ده‌كات، كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت زیاتر له‌ 1650 كه‌س كوژراون.

ڕۆژی چوارشەممە، 13/8/2025، ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کەناڵی كوردستان24ـی باشووری کوردستانی ڕاگه‌یاند، “ژمارەی کوژراوانی توندوتیژییەکانی پارێزگای سوه‌یدا لە باشووری سووریا له‌ 13ـی ته‌ممووزه‌وه‌ تاوه‌كوو 20ـی هه‌مان مانگ، هەزار و 653 کەس بووه‌، كه‌ 429 کەسیان به‌ ئاشكرا له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به‌ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون و له‌و ژماره‌یه‌شدا 38ـیان ئافره‌ت و 14شیان منداڵ و پیر بوون”.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ژمارەی کوژراوان لە بەیانی یەکشەممە 13ـی تەممووزەوە لە ئەنجامی پێکدادانەکان و لەسێدارەدان و بۆردومانی ئیسرائیل، گەیشتووه‌ته‌ هەزار و 653 کەس و به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ش دابه‌ش كراون.

-724 كه‌سیان دانیشتووانی سوه‌یدا بوون، كه‌ 166یان كه‌سانی سڤیل و 21 منداڵ و 56 ئافره‌تن.

-477 كه‌س، سه‌ر به‌ وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی بوونه‌ و 40 کەسیان ئەندامی هۆزەکان و یه‌كێكیشیان چەکدارێکی لوبنانی بووه‌

– 15 کارمەندی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژران.

– بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری، 3 کەس کوژراون کە ئافره‌تێك و دوو کەسی نەناسراون.

– لە ئەنجامی پێکدادانەکانی سوه‌یدادا، دوو میدیاكار کوژراون.

پوستێن ھەمان بەش