“تورکیا هەروەک چۆن پەیوەندیی دۆستانی لەگەڵ هەرێمی کوردستادا هەیە، پێویستە پەیوەندی دۆستانەش لەگەڵ ڕۆژئاڤای کوردستان دابمەرزێنێت”.
راوەستانی هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سووریا بەرانبەر بە یەکتری لە تورکیا دەنگی داوەتەوە و دەولەتی تورک هەڕەشە لە هەسەدە دەکات. لێدوان و هەڕەشەکانی تورکیا لە میدیاکان وەک هۆشدارییەک پێش ئەنجامدانی هێرشەکان دژ بە هەسەدە لێکدراونەتەوە. بەڵام هاوکات سیاسەتمەدارێک دەڵێت هیچ هێرشێک دژی هەسەدە ئەنجام نادرێت و بەم نزیکانە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە ئامادەبوونی ئۆجەلان لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە. هاوکات وتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، تورکیا هەروەک چۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندی دۆستانەی هەیە دەبێ لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانیشدا پەیوەندییەکی وەها دابمەرزێنێت.
تورکیا لەم دواییانەدا هەڵوێستی خۆی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) توندتر کردووە و وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
بەگوێرەی ئەنقەرە، هۆکاری سەرەکی ئەم هەڵویستە، زیادبوونی هاوکارییەکانی هەسەدەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا، نەک ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و زیادبوونی توندوتیژییەکان لە سووریا.
دوای سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ دیمەشق، ئەحمەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، موحرەف ئەبو قەسرا، وەزیری بەرگری سووریا و شاندێکی باڵا سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
هاکان فیدان لە کۆبوونەوەی هاوبەشیدا لەگەڵ شیبانی، لێدوانی توندی دژ بە هەسەدە دا و ئاماژەی بەوەشکرد کە یەپەگە لە سووریا گەمەی خراپ دەکات و تێکەڵ بە سیستەم نابێت.
لە لایەکی دیکەوە ئەم لێدوانانە لە میدیاکانی تورکیادا وەک دواهۆشداری پێش پەلاماردانی ەسەدە لێکدرانەوە.
هاوکات عەبدولڕەحمان سەماوی سیاسەتمەدار بە کەناڵی K24ی باسووری کوردستانی ڕاگەیاند: “پێش هەموو شتێک من لەو بڕوایەدا نیم کە هیرش ئەنجام بدرێت، چوونکە ئەگەر هێرش ئەنجام بدرێت، ئەو مەسەلەی چارەسەرییەی کە لە ئارادایە، دوادەکەوێت، بۆیە من پێموانیە کە هێرش ئەنجام بدرێت. من پێشتریش لە ڕیگای K24ـەوە گوتبووم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لە ئەنقەرە کۆ دەبنەوە وئۆجەلانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبێت. ڕەنگە ڕۆژنامەوانانیش ئامادە بن. بەڵام ئۆجەلان موداخەلە دەکات و ڕێککەوتنێک لە نێوانیادا پێکدێت بە بێ شەڕ و بێ تەقە و بێ هیچ شتێکی دیکە”.
هەروەها ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، “تورکیا هەروەک چۆن پەیوەندیی دۆستانی لەگەڵ هەرێمی کوردستادا هەیە، پێویستە پەیوەندی دۆستانەش لەگەڵ ڕۆژئاڤای کوردستان دابمەرزێنێت و پێویستە خەڵکی سووریا بۆخۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.