هەتا پرسەکانی دادپەروەری و مافی کەمینەنەتەوەکان لەلایەن حکوومەتێکی فیدراڵی تەندروستەوە مسۆگەر نەبێت، دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی سەقامگیر زۆر دوورە و تەسەور ناکرێت.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
بەرەبەیانی ڕۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2024، ئاژانسەکانی هەواڵی جیهانی بە مانشێتەکانی “ڕژێمی ئەسەد لە سووریا ڕووخا” تووشی شۆک بوون. لەو ڕۆژەوە نزیکەی نۆ مانگ تێپەڕیوە و سووریا چووەتە قۆناغێکی نادڵنیایی و ململانێ و کوشتن و سەرهەڵدانی ئەکتەرە نوێیەکانەوە. ئەو هێزانەی کە لەلایەن هەیئەتی تەحریر شام (هەتەشە)ـەوە پێشەنگایەتی دەکرێن، دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و ئیدارەیەکی دیفاکتۆیان دامەزراند. سەرۆکەکەیان (ئەحمەد ئەل ـ شەرع) کە بە “جۆلانی”ش ناسراوە، بە هاوپەیمانی لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی تر کابینەیەکی کاتی پێکهێنا. بەڵام ئەم پێکهاتە نوێیە هەر زوو بووە هۆی توندوتیژی و ناسەقامگیرییەکی بێ وێنە. کۆمەڵکوژکردنی کەمەنەتەوەکان، فشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕەتکردنەوەی داواکارییە نەتەوەییەکان جارێکی دیکە داهاتووی سووریای کردووەتەوە جێگەی مشتومڕ.
لەم ئاڵۆزییانەدا ناوەکانی وەک مەناف تلاس ژەنەراڵی پێشووی ڕژێم وەک بەدیلێکی نوێ سەریان هەڵداوە. ئایا ئەم پێشهات و گفتوگۆیانە لەسەر سووریا ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ؟
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەگەڵ سەرهەڵدانی خێرای “تەحریر شام” (هەتەشە) پێکهات! دوای ئەوەی کە هەتەشە دیمەشقی گرت، ئەحمەد ئەلشەرع وەک سەرۆکی دیفاکتۆ ناسێندرا. ئیدارە نوێیەکە لە دەسپێکدا وێنەیەکی “نەرم”ی لەخۆی پیشاندا و دواتر لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە هاوپەیمانییەکی پێکهێنا و تاکلایەنە کابینەیەکی نوێی حکوومەتیان ڕاگەیاند.
بەڵام ئەم قۆناخە کە بە وێنەی “بووکێکی نوێ” دەستی پێکرد، بە خێرایی گۆڕا بۆ پرۆسە و ڕوخسارێکی خوێناوی.
نەبوونی پارە و سنوورداربوونی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، ئاستەنگیان بۆ ئیدارە نوێیەکەی سووریا دروستکرد، بەڵام وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە و عێراق دەستیان بە جموجۆڵ کرد.
ئەو وڵاتانە بەڵێنیان دا مووچەی فەرمانبەرانی حکومی بۆ ماوەی سێ مانگ دابین بکەن و هەوڵیان دا هەندێک سزای ئابووری هەڵبگرن. تورکیا بۆ ئەوەی کە سووریا بکات بە پاشکۆی خۆی و ڕێگا نەدات نەتەوەی کورد لە سووریا ببنە خاوەن قەوارە و ستاتۆیەکی فەرمی، ڕۆڵێکی چالاکانەی گێڕا. زۆربەی ئەم گرووپە ئیسلامیانەی کە لەناو هەتەشەدا جێگایان گرتووە، لەژێر کاریگەریی دەوڵەتی تورکیادا بوون. تورکیا ئەم حیساباتەی وەک دەرفەتێک بە قازانجی خۆی لەسەر خاکی سووریا، بەکارهێنا.
بە تایبەتی لە 11ی ئازاری 2025دا، بە بەکارهێنانی کارتی تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێککەوتنێکی 7 خاڵی لەنێوان “مەزڵووم عەبدی” (فەرماندەی گشتیی هەسەدە) و ئەحمەد ئەل ـ شەرع”دا پێکهات. ئەم ڕێککەوتنە بریتی بوو لە تێکەلکردنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ ئەرتەشی سووریا، مافی کەمەنەتەوەکان و ئاگربەستی لەخۆ دەگرت.
بەڵام وەڵامی دروزەکان و دواتر موسەیرەکان (عەلەوییەکان) بۆ پرسیاری “چ جۆرە سوریایەک؟”، وەک “سەربەخۆیی و ستاتۆی فیدراڵی”، ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد ئەل ـ شەرعی پووچەڵ کردەوە.
فەرەنسا هەوڵی دیپلۆماسی بۆ دامەزراندنی “سووریای نوێ” دەستپێکرد، بەڵام ئیسرائیل بە بیانووی ئاسایشی سنوورەکان فشار دروست دەکات و دەڵێت: “رێگە نادەم ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئیسلامی لەسەر سنوورەکانم دەوڵەتێک دابمەزرێنێت”.
حکوومەتەکەی هەتەشە کەوا بەڵێنی “کۆماری عەرەبی ناوەندی”ی دابوو، زۆری نەخایاند کە بوو بە دڕندە و بەربەرییەتێکی ڕەش. عەلەوییەکان (موسەیری) ئامانجی یەکەم بوون. لە مانگی ئازاری ساڵی 2025دا سەدان هاووڵاتی سڤیلی عەلەوی ـ کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو ـ لە لازقییە و تەرتوس کۆمەڵکوژ کران. بەگوێرەی ئاماری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئەنترناشناڵ)، لەو هێرشانەدا زیاتر لە هەزار و 500 کەس کوژران؛ زۆر گوند سووتێنران و تاڵان کران. هەرچەندە ئەحمەد ئەلشەرع بەرپرسیارێتی خۆی ڕەتکردەوە، بەڵام ئەم ڕووداوانە کە بە تۆڵەسەندنەوە ناو بران، لاوازی و نەبوونی کۆنترۆڵی حکوومەتی نوێیان ئاشکرا کرد.
ڕێککەوتنەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کە لە ناوەڕاستی ئەو کوشتارانەدا کرا، بۆ ماوەیەکی کورت، ئاسوودەییەکی هێنایە ئاراوە، بەڵام توندوتیژییەکان ڕانەوەستان. لە مانگی تەمموز-ئابی 2025دا، شاری سوەیدا (سوومەیرا) و دەوروبەری کە زۆرینەی دانیشتوانەکەیان لە درووزەکان پێکهاتووە، کرانە ئامانج. هێزەکانی حکومەت و میلیشیاکانی سەر بە بەدەوییەکان، پەلاماری درووزەکانیان دا و بەسەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژران و گوندەکان سووتێنران. ڕێکخراوی SOHR کوژرانی زیاتر لە 1000 کەسی تۆمار کرد. هاوکات ڕۆیتەرز و پسپۆڕانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەی کوشتنی بە ئەنقەست و ئامانجدار و دەستدرێژی و پاکتاوکردنی نەتەوەیییان پشتڕاستکردەوە.
ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی دەستوەردانی کرد و کوشتارەکانی ڕاگرت و هێزەکانی هەتەشەی ناچار کرد لە ناوچەکە بکشێنەوە.
ئەم ڕووداوانە جارێکی دیکە ئاسایشی کەمینەنەتەوەکانی هێنایە ڕۆژەڤەوە و بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی ئەو هێزە تیرۆریستیانە، سەرلەنوێ ڕاپەڕین. درووزەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا سەربەخۆییان ڕاگەیاند. هەروەها عەلەوییەکان دەستیان بە بەرگریکردن لە سیستەمی “فیدراڵی” کرد. کوردەکان هێشتاش بێدەنگن و هێشتا ڕوون نیە کە چییان دەوێت. ئەوان لە دەوری چەمکەکانی وەک “سووریای دیموکراتیکی لامەرکەزی”دا دەخولێنەوە، بەڵام پەیمانی تێکەڵکردنی هەسەدە وەک هەنگاوێکی پراگماتیک سەیر دەکرێت.
ڕەخنە و کاردانەوەکان بەرامبەر بە حکوومەتەکەی ئەلشەرع لە پەرەسەندندایە؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشارەکانی خۆی بۆ پاراستنی مافی کەمینەنەتەوەکان زیاد کردووە.
مەناف تەلاسس، لە ڕێژیمی کۆنەوە بەرەو ئاڵترناتیڤێکی نوێ:
لەناو ئەم ئاژاوەیەدا، میدیای جیهانی، کەسایەتییەکی نوێ بەرجەستە دەکات کە ئەویش “مەناف تلاسس”ـە.
ئەمەش نیشانەی گەڕان بەدوای سەرۆکێکی جێگرەوەیە. تلاسس لە یەکینەی ئیلیتی ڕێژیمی ئەسەد، پاسەوانانی کۆماریدا، ڕائید بوو. هاوڕێی منداڵیی بەشار ئەسەد و ئەندامی ئیستیخبارات بوو. باوکی (مستەفا تلاسس) لە سەردەمی حافز ئەسەد (1972-2004) وەزیری بەرگری بووە و لە بنەماڵەیەکی بەهێزی سوننەکان بوو.
لە ساڵانی 1980دا، تلاسس ئاکادیمیای سەربازیی تەواو کرد و بووە بە بەرپرسی ئیستیخباراتیی لیوای 104. لە شەڕی ناوخۆیی ساڵی 2011دا، هەوڵیدا کە لە ناوچەکانی وەک ڕاستان و دەرا، دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دابمەزرێنێت و کار بۆ ئازادکردنی دیلەکان بکات. بەڵام بەهۆی پێداگری ڕێژیم لەسەر توندوتیژی، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2012 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە مانگی تەمموزدا لەگەڵ 23 ئەفسەردا بەرەو تورکیا هەڵهات. ئەمەش وەک یەکەم کودەتای گەورە لە دژی ڕژێم لەلایەن ڕۆژئاواییەکانەوە پێشوازیی لێکرا. تلاسس توندوتیژییەکانی دژی خەڵکی سڤیلی وەک “وڵات بەرەو دۆزەخ دەبات” وەسف کرد و لەگەڵ خێزانەکەی لە پاریس نیشتەجێ بووە.
لە ساڵی 2025 و دوای ڕووخانی ئەسەد، تلاسس جارێکی دیکە هاتەوە ناو ڕۆژەڤ. لە ئەمریکا و ئەورووپادا لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ گۆڕینێکی دیموکراتیک، بەشدار بوو. سەرچاوەکانی وەک سەنتەری عەرەبی لە واشنگتۆن باس لەوە دەکەن کە بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا دەتوانێت “ڕۆڵی گۆڕانکاری” بگێڕێت.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2025دا، تلاسس ڕایگەیاند کە ئامادەیە هێزەکانی لەگەڵ ئەل ـ شەرع یەکبخات، بەڵام دژی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل وەستایەوە و وتی کە “ئێستا زووە”.
خاڵی هەرە بەرز، وتارەکەی لە 13ی ئەیلوولی 2025 لە زانکۆی ساینس پۆ “Sciences Po” (لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵگەی فەرەنسی-لوبنانی)، بوو. تلاسس ئەلشەرعی بە “پڵنگی کاغەزی” وەسف کرد. ئەمە پەیامێک بوو بۆ فەرەنسا: “من بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کاندیدم”.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بۆ نوێنەرایەتی کردنی سوننەکان و عەلمانییەکان تلاسس وەک “سەرکردەیەکی خاوەن پۆتانسێل” دەبینێت؛ وڵاتانی کەنداو (سعوودیە، ئیمارات) پشتگیری لێدەکەن وەک ئاڵترناتیڤێک بۆ هەتەشە پشتگیریی لێدەکەن.
بەڵام ڕەخنەکان لە تلاسس لەسەر ڕابردووی ئەو لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەدیشدا چڕ دەبێتەوە، هەرچەندە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە گۆیا “دەستی بە خوێن سوور نەبووە”.
ئایندەیەکی ناسەقامگیر یان سەرەتایەکی نوێ؟
سووریا هەر لە ڕژێمی دیفاکتۆی هەتەشەوە بگرە تا قەتڵوعامی کەمینەکان، لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە بگرە تا گەڕان بەدوای سەرۆکێکی ئاڵترناتیڤدا، لە گێژاوێکی گەورەدایە. لە کاتێکدا ناوەکانی وەک تلاسس کە بە مۆدێلی عەلمانی و گشتگیری خۆیان هیوا پێشکەش دەکەن، گرژییە نەتەوەییەکان و دەستێوەردانی دەرەکی (تورکیا، فەرەنسا، ئیسرائیل، ئەمریکا) پرۆسەکە ئاڵۆزتر دەکەن. نادڵنیایی کورد، داوای سەربەخۆیی دروزەکان و بانگەوازی عەلەوییەکان بۆ فیدراڵیزم، دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەرکەزی دژوار دەکات.
لە کاتێکدا پاڵپشتی سعوودیە و سووککردنی سزاکان ئیسراحەتێکی ئابووریی کاتی دەبەخشێت، بەڵام هەتا کاتێک کە پرسەکانی دادپەروەری و مافی کەمینەنەتەوەکان لەلایەن حکوومەتێکی فیدراڵی تەندروستەوە مسۆگەر نەبێت، دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی سەقامگیر زۆر دوورە و تەسەور ناکرێت.
ئایا پرۆسەیەکی نوێ بۆ سووریا دەستپێدەکات؟
بەڵکو، بەڵام ئەم ڕێگایە، ڕێگایەکە کەوا بە خوێن سوور بووە، داهاتوو بە هاوسەنگی دیپلۆماتیک و ئاشتەوایی ناوخۆییەوە، گرێدراوە.