کێ ڕۆژەڤی هەرێمی کوردستان چەواشە دەکات و شەڕی هیبرید چییە؟

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری خێرا و بنەڕەتی بەخۆیەوە دەبینێت. دەنگی پێی سیستەمێکی نوێ دەبیسترێت، ڕێژیمەکان هەڵدەوەشێنەوە و سنوورەکان دەگۆڕدرێن. کورد یەکێکە لە ئەکتەرە هەرە گرینگەکانی ئەم پرۆسەیە. ئەوان لە دۆخێکدان کە دەتوانن چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکەن و چارەنووسی خۆیان بگۆڕن.

ئەم دەرفەتە هەمیشە بەدەست ناکەوێت، بەڵام هەندێک لایەن ئۆپەراسیۆنێک بۆ چەواشەکردنی ڕۆژەڤی کوردان بەڕێوە دەبەن تا کورد نەتوانێ ئەم دەرفەتە زێڕینە بقۆزێتەوە. بە تایبەتی هەوڵدەدرێت کە هەرێمی کوردستان بە بابەتەکانی وەک مووچەی فەرمانبەرانەوە سەرقاڵ بکرێت.

بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی 2012ـەوە شەڕێکی هیبرید لە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

عێراق شەڕێکی هیبرید لەدژی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات

فرانک هۆفمان بۆ یەکەمجار ساڵی 2007دا دەستەواژەی “شەڕی هیبرید”ی بەکارهێناوە. شەڕی هیبرید، شێوازێکی نەسڵی نوێی شەڕە کە تێیدا شێوازەکانی شەڕی تێکەڵاو و ناهاوسەنگ لە ناو یەکتریدا بەڕێوە دەبرێن.

چاوخشاندنێکی وردتر بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو شێوازەکانی شەڕی هیبرید بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەسەپێندرێت.

لە شەڕی هیبریددا، گرنگترین تایبەتمەندیی هەرە گرینگ کە شەڕی هیبرید لە شەڕی مەیدانی جیا دەکاتەوە، توانای فشارخستنە سەر لایەنی بەرامبەرە بەبێ ڕاگەیاندنی شەڕ، کە بە موخاتەب دەبیندرێت. لە شەڕێکی وەهادا لەوانەیە ئەو لایەنەی کە هێرشی دەکرێتەتەسەر، نەتوانێت بیسەلمێنێت کە هێرشی کراوەتەسەر. ئەو هێزانەی شەڕی هیبرید ئەنجام دەدەن، هێزی تایبەت، هێزی میلیشیا، شەڕی ئابووری، هێرشی نهێنی و دیپلۆماتیک بەکاردەهێنن. لە هەمووی گرنگتر ئەو هێزە ناوخۆییانە چالاک دەکرێن کە پشتیوانی لە ئاژاوەگێڕی دەکەن.

سەیری سەرجەم ئەو ئامارانە بکەن کە هەموویان لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێن. حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ساڵی 2012 بەملاوە شەڕێکی هیبریدی هەمەلایەنە لەدژی کورد بەڕێوەدەبات.

بەڵام شەڕەکە بەشێوەیەک بەڕێوەدەچێت کە لەپشت پەردەی دامودەزگا فەرمییەکانی وەک یاسا و دادگا و وەزارەت و هتد…، هێرشەکانیان وەک بەرگریکردن لە سەروەری یاسا و سیستمی حوکمڕانی پیشان دەدەن.

لە ساڵی 2012ـەوە تا ئێستا شەڕ لە دژی کوردستان بەڕێوەدەچێت…

لە ساڵی 2012دا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانیان چالاک کرد و بە ئەنقەست خەڵکیان برسی کرد و شەڕێکی ئابوورییان دەستپێکرد. ئەمەش لەژێر ناوی دەستووردا دەکرێت. واتە ماوەی 13 ساڵە کە شەڕێکی ئابووری لەدژی کورد لەئارادایە.

عێراق دەیهەوێت بەرە بەرە دەست بەسەر سەرچاوە دەوڵەمەندە ژێر زەوینی و سەرزەوینییەکانی کورد و شار و گوندەکانی کوردستاندا بگرێت کە وەک شیری دایکی حەڵاڵن بۆ کورد. عێراق هێدی هێدی کوردستان داگیر دەکات. کەرکووک و شنگالی لە کورد وەرگرت، بەڵام ئەمە بە سەپاندنی سیستەمی حکومڕانی ناودەبات.

لە ڕێگای جاشەکانیانەوە، نووسینگەکانی پەدەکە و ئاڵای کوردستانیان لە بەغدا سووتاند، شەڕی دەروونییان لە دژی کورد دەستپێکرد، بەڵام بە ئیدیعای ئەوەی کە کاردانەوەیەکی سڤیل بوو، پەلامارەکانی خۆیان پەردەپۆش کرد.

جاشە کوردەکان بە دروستکردنی ماڵپەڕ و ئۆرگانیزەکردنی خۆپیشاندانەکان، لەژێر ناوی خۆپیشاندانی مامۆستایاندا پارە بە هاوکارەکانی خۆیان دەدەن و وەکوو کوردانی ئۆپۆزسیۆن پیشانیان دەدەن.

وەزیری کۆچبەران و وەزیری ئابووری حکومەتی عێراق وەک دوو شەڕکەر کە قەڵخانیان بەدەستەوەیە، پەلاماری کوردان و داهاتوویان دەدەن.

واتە عێراق شەڕێکی هیبریدی شاراوە لە دژی کورد بەڕێوەدەبات و ئەوەندەش بە نهێنی بەڕێوەی دەبات کە مرۆڤ ناتوانێت بە شەڕ ناوی ببات… بێگومان شەڕێکی چەکدارانەش لەئارادایە. لە ساڵی 2014 بەملاوە، هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەر هێرش و هەوڵ دەدرێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببرێت.

سەرەتا داعش هێرشی کرد، دواتر چەتەکانی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کرد، پەکەکەش لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا هێرشی کرد، دەوڵەتی ئێرانیش هێرشی کرد. دەوڵەتی تورکیش بە بیانووی پەکەکەوە هێرشی کرد.

هەولێری پایتەخت لەژێر هێرشی درۆنی و مووشەکیدا، کەرامەتی خۆی پاراستووە. لە ئێستادا، “هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان” بەردەوامیی هەیە و ئەگەرچی حکومەتی عێراق هەرگیز نەیتوانیوە پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام هەمووان پێی دەزانن. واتە لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا هەرگیز دەنگی تەقە لە سەر کوردستان کەم نەبووەتەوە.

ئێستاکە سەرەڕای ئەم شەڕەش، دەوترێت کێشە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە. بەڵام پێویستە و دەبێ گەلی کورد و ڕۆشنبیرانی کوردستان ئەو کردەوانەی بەغدایان بە شەڕی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان ناو ببەن.

بەڵێ، پرسی مووچە کاریگەریی لەسەر ژیانی هەمووکەس هەیە، بەڵام پرسەکە لە نەدانی مووچە زۆر گەورەترە. بانگەوازی بەشێک لە نەیارانی ڕەگەزپەرستی عێراقی بۆ گواستنەوەی داهات بۆ عێراق، بانگەوازێکە بۆ خۆبەدەستەوەدانی کورد. حکومەتی کوردستان لە ڕووی دادپەروەری و گەشەپێدانەوە زۆر لە حکوومەتی بەغدا پێشکەوتووترە. ئەگەر هەولێر لەلایەن عێراقەوە بەڕێوەچووبا، ئێستاکە عێراق هیچ کێشەیەکی لە هەرێم نەدەبوو.

دیارە ئەگەر کورد تەسلیمیش بێت، بەغدا ئەوەندە بێویژدانییە، کە دێت و یەک بە یەک دەست بەسەر موڵک و ماڵی کورداندا دەگرێت و بەرپرسانی عەرەب بۆ دامودەزگاکانمان دادەنرێن.

حکوومەتی عێراق خاوەن عەقڵییەتێکی دواکەوتووانەیە و ئایندەی نادیارە. بۆچی دەبێ کورد خۆی تەسلیمی ئەو سیستەمە دواکەوتوویە بکات کەوا ئایندەی نادیارە؟ بۆچی دەبێ ماف و داهاتی ڕەوای خۆمان، کە وەک شیری دایک حەڵاڵە، تەسلیمی ئاژاوەی عێراق بکەین؟ پێویستە کورد تۆزێکی دیکە دان بەخۆدا بگرن و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە بکەن. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانین ئەم تارماییەی کە بەسەرماندا سەپێنراوە و ئەم شەڕی “هیبرید”ـە تێکبدەین.

Share

پوستێن ھەمان بەش