گەریلاکانی پەکەکە لە کوێ دەکشێنەوە و لە کوێ کۆدەبنەوە…!

گەریلاکانی پەکەکە لە کوێ دەکشێنەوە و لە کوێ کۆدەبنەوە...!

یان پەکەکە بە تەواوی گوێ لە ئۆجەلان دەگرێت و هەڵوێستێکی ڕوونی دەبێت، یانیش لەو ڕێگایەدا پرۆڤاکسیۆن بەردەوام دەبێت.

ئەو پڕۆسەیەی کە لە تورکیا و باکووری کوردستان لەژێر ناوی “تورکیای بێ تیرۆر”دا دەستی پێکردووە، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرەوپێش دەچێت. باخچەلی فەرمانی بە ئۆجەلان کرد و داوایەکی لێکرد و ئۆجەلانیش بە نامەیەکی دەستنووس وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە. ئۆجەلان زۆر بە ڕوونی تەنها باسی لە 3 خاڵ کرد.

ئۆجەلان وتی: “پەکەکە چەک دادەنێت، پەکەکە کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، سێیەمیش ئیدی باس لە بەدەوڵەتبوونی کورد، فیدرالیزم، خۆسەری (ئۆتۆنۆمی) و مافی کولتووری کورد ناکەن، ئێمە “ئەنتەگراسیۆن (یەکگرتنی) دیموکراتیک” جێبەجێ دەکەین.

بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن زۆر ڕوون بوو. زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هەموو کەس و لایەنە ئاشتی پارێزەکان گوتیان کە ئەمە پرۆسەیەکی باشە و ڕاگرتنی شەڕ ئەرێنییە.

بەڵام ئەوانەی کە بەشیوەی خواروخێج، هەڵسەنگاندنیان بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان کرد، دیسان هەر پەکەکە و بەشێک لە ئەندامانی دەم پارتی بوون. دوای ئەوەی کە پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست و خۆی هەڵوەشاندەوە، هێشتا کاتێک باسی پەکەکە دەکرێت، هەندێک وەک ئەوەی کە بەرپرسی پەکەکە بن، لێدوان دەدەن. دیار نیە کە ئەمە چ جۆرە هەڵوەشانەوەیەکە. ئەگەر بەڕاستی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، ئیدی نابێ هیچ لێدوانێک بەناوی پەکەکەوە بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، لە ڕێکەوتی 25/10/2025دا، “سەبری ئۆک”، یەکێک لە بەرپرسانی پەکەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی لە باشووری کوردستان ئەنجامدا و ڕایگەیاند، پەکەکە بەتەواوی هێزە چەکدارەکانی خۆی لە تورکیا دەکشێنێتەوە. هەمووکەس ئەمەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ ئاشتی لەقەڵەمدا. بەڵام ڕێکخراوێک کە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە و چەکی داناوە، چۆن دەتوانێت چەکدارەکانی خۆی لە شوێنێکی دیاریکراو بکشێنێتەوە؟ باشە ئەم چەکدارانە بەرەو کوێ دەبەن؟ دەیانبەنە باشووری کوردستان. ڕەنگە ئەم بڕیارە تا ڕادەیەک ئارامی بۆ تورکیا بهێنێت، بەڵام ئەو هێزە چەکدارانە لە باشووری کوردستان چی دەکەن؟ ئەگەر لە باشوور درێژە بەو کردەوانە دەدەن کە هەتا ئێستا کردوویانە، ئەمە مانای وایە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مەترسی دروست دەکەن.

لەم بابەتەدا پەکەکە تەنیا نییە و ئەوەی ئۆجەلان دەیڵێت بە دڵی هەمووان نییە. زۆر تاکتیکیانە و دووڕوویانە دەجوڵێنەوە. لە داهاتوودا ەرئەنجامە ناخۆشەکانی بەدی دەکرێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە نایهەوێت بە ئاشکرا ڕاستی ئەو پرۆسەیە قبووڵ بکات کە دەستیپێکردووە و بەو پێیە مامەڵە بکات. ناو و ئامانجی پڕۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” کراوەیە و زۆر ڕوونە. لەم ڕووەوە دەوڵەت هەڵوێستێکی کراوەتر و ڕوونتری لە پەکەکە هەیە. بەڵام پەکەکە و زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکانی ئێستا دەدەن و سیاسەتێکی نادروست پەیڕەو دەکەن.

پڕ ڕوونە، هەتا قەندیل لەژێر کاریگەری ئێراندا بجووڵێتەوە، ناتوانێت هیچ بڕیارێکی سەقامگیر بدات. تا ئەو کاتەی چەپی کەمالیست سەرکردایەتییان دەکات، ئەوا لە تاریکیدا سیاسەت دەکەن.

یان پەکەکە بە تەواوی گوێ لە ئۆجەلان دەگرێت و هەڵوێستێکی ڕوونی دەبێت، یانیش لەو ڕێگایەدا پرۆڤاکسیۆن بەردەوام دەبێت. سیاسەتی هەڵە لەم قۆناغەدا دەتوانێت ببێتە هۆی تێکدانی ئەو هەنگاوانەش کە دەگیرێنەبەر….

ڕۆژەڤی کورد

Share

پوستێن ھەمان بەش